دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئومێد سەباح: مەسرور بارزانی جەختی لە پاراستنی مافەکانی هەرێم لە یاسای بودجە کردۆتەوە

هەرێم نیوز


ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەت و شاندی فیدراڵ لە شاری زاخۆ، مەسرور بارزانی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە و ڕەچاوکردنی چەمکی دەستووریی فیدراڵیەت کردووەتەوە.
 
ئومێد سەباح لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 10ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە کردووە.
 
بەگوێرەی لێدوانی سەرۆکی دیوان، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پرسی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کراوە، و لەو چوارچێوەیەشدا پرسی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە داهاتی گشتیی عێراق و دەستەبەرکردنی شایستە دارایییەکانی هەرێم تاوتوێ کراون؛ هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ڕێکارە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان خرانە بەر باس.
 
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدی لە پاراستنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە ڕەشنووسی بودجەدا کردووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە پێویستە بنەمای دادپەروەری بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بکرێت و سیستەمی دەستووریی فیدراڵیەت لەبەرچاو بگیرێت؛ لە کۆتاییشدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستانەکان تا کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکاندا بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP