هەرێم نیوز
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەسەر دانەوێڵە (گەنم)، شەڕەتەقە لە نێوان دوو لایەندا ڕوویدا و لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 10ـی 2026، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە سنووری شارەدێی ڕزگاری لەسەر کێشەیەکی پەیوەندیدار بە دانەوێڵە و گەنم، دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان چەند کەسێکدا دروست بووە و دواتر کێشەکە پەڕیوەتەوە بۆ بەکارهێنانی چەک و تەقەکردن لە یەکتر.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەی گولـلەدا، سێ هاووڵاتی بریندار بوون و دەستبەجێ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە، هاوکات گەڕان و بەدواداچوونی مەیدانیی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتباران و بەشداربووانی تەقەکردنەکە بەردەوامە تاوەکو ڕادەستی یاسا و دادگا بکرێن.