دواین هەواڵ

نووسینێکی بێناونیشان !

‌چاپوك سەید عومەر

08/09/2024

جارێ چوومە لای کاک مەلا بەختیار لەسەر داوای دوو کادیری ی ن ک کە خۆی حەزیکردووە بمبینێ، ئێستا هەردووکیان لە فەیسبوک هاوڕێمن .

ئەو کاتە کاک بەختیار تۆرابوو نەدەچووە مەکتەب سیاسی، سێ کەسی تریش لەوێ بوون، قسەی بۆ کردین من تەنها ئەو قسەیەم کرد، گوتم؛ کاک بەختیار هێزبەکاردێت بۆ یەکلاکردنەوی کێشەکانی یەکێتی، گوتی نا شتی وا ڕونادات، جارێکی دیش گوتم؛ کاک بەختیار هێزبەکاردێت گوتی نا کاکە شتی وا ڕونادات . بۆ جاری سێیەم گوتم کاک بەختیار من دڵنیام هێز بە کاردێت، زۆر بە خەمساردیەوە، وەڵامێکی زۆر سادەی دامەوە و چووین سەیری مەکتەبەکەیمان کرد .

دوو ساڵێ کەمتر دوای دیدارەکەی کاک بەختیار، کەسێکی زۆر نزیک لە کاک لاهورم دیت، ماوەیەکی زۆر دورودرێژ پێکەوە دانیشتین، هەمان قسەم سێجار پێگوت کە هێز بەکاردێت، پێکەنی و هەر بەڕێکەوت، هەمان وەڵامە سادەکەی کاک بەختیاری دامەوە . پێشتر دەیان جار ئەو قسەکردنەم لەگەڵ ئەو دوو بەڕێزە گێڕاوەتەوە . هەردووجاریش بە ڕەزاگرانی هاتمەدەر چونکە قسەکەی منیان پێخۆش نەبوو، دڵنیام و دەزانم ئێستاکەش لای زۆران لەسەر ئەو نووسینە ڕەزاگران دەبم، بەس ئایندە قسەکەی من دەسەلمێنێ، یاخوا هەڵەبم .

بە مناڵی یاریەک هەبوو مناڵێ بەرزاییەکی دەگرت و دەیگوت قەڵات قەڵاتی خۆمە، ئەوانیدیش بۆی دەچوون و کێ بەرزاییەکەی بگرتبا قەڵات دەبووە هی ئەو، هەندێ مناڵیش کە بێهێزبوون چەپڵەیان بۆ ئەوە لێدەدا کە قەڵای دەگرتەوە .

ئەوەی لە کوردستان بەگشتی و لەناو یەکێتی ڕودەدا، کۆتاییەکەی خێرنیە، زنجیرە ڕوداوی زۆر دڵتەزێنی دی بەدواوە دێت . هۆکارەکەشی غیابی عەقڵ و حەز بە ئەستێرەبوون و بەرژەوەندی و پاڵەوانبازیە، کە نەشیاوان سەرچۆپیان لێگرتووە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP