دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکان هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ ، ترەمپ پەلەیەتی و کاتی ڕاگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵ کەمتر لە دوو مانگی ماوە ، ئەو لەوبڕوایەدایە کە گەیشتن بە کۆتاییهێنانی ململانێی ڕوسیا و ئۆکراینا گەورەترین دەستکەت دەبێت کە ئامادەی بکات بۆ خەڵاتی نۆبڵ ، ترەمپ دەیەوێت ببێتە پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەو خەڵاتەی پێبدرێت ، هەروەک سەرۆکەکانی ئەمەریکا « تیۆدۆر رۆزفلت » لە ساڵی ١٩٠٦ و « ودروو ویلسۆن » لە ساڵی ١٩١٩ و جیمی کارتەر ٢٠٠٢ و باراک ئۆباما ٢٠٠٩ خەڵاتی نۆبڵ-یان وەرگرت .
ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە وەک پیاوی ئاشتی بەدەردەکەوێت ، بۆئەم مەبەستە ماوەیەک لەمەوبەر بۆ هێنانەدی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکراینا لەگەڵ سەرکردەکانی فەڕەنسا ، بەریتانیا ، ئیتاڵیا ، ئەڵمانیا ، ئۆکراینا لە کۆشکی سپی کۆبووەوە ، کۆبوونەوەکە وەک ئەو باوکە وابوو کە منداڵەکانی لە دەوروبەری خۆیدا کۆبکاتەوە یان وەک مامۆستایەکی حەیزەران بەدەست بەرانبەر قووتابیەکانی بوو کە ڕێگەی نەدەدا درێژدادڕی یان دەستپێشخەری بە قسەبکەن ، سەرکردە ئەوروپیەکان تەنها تەمەلوق و دوڕوویکردنی وەلائیان بۆی دووپاتدەکردەوە و هیوایان ئەوەبوو کە ترەمپ بارگاویەکی خۆشەویستی بۆیان دروستبکات و دڵی ترەمپ-ی باوک ڕاکێشن نەوەکو ئەو پۆتشکاندنەی مانگی شوباتی ڕابردوو بەسەر زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکراینا هێنا لەگەڵ ئەوانیش دووبارەی بکاتەوە ، ئەمە هەر سنووردار نەبوو لە فۆڕم و شێوە بەڵکو لە ناوەڕۆکیشدا وابوو ، ترەمپ ئەو باوکە یان شێخی قەبیلە بوو کە بۆ خێلەکە ئەو ڕێسایانە دادانێت کە لەسەری دەڕوات و زاڵەبەسەر کاروبارەکانی و ، کە دوای ڕازیبوونی خۆی دەستکەوت و قازانجەکان دابەش دەکات و ئەگەر کەسێک یان خێل لەوەی کە پەسندی کردووە دەربچێت سزایەکی ئاشکرا و دەستبەجێ وەردەگرێت ، کارەکە پەیوەندی بە شەرعیەتی نێودەوڵەتی و بەها و ئەو پەیمانانە نیە کە دەیان ساڵە نەتەوەکان لەسەری رێکەوتوون و ، ئێستا « شەرعیەتی » ترەمپ هەیە کە لەکاتێک بۆ کاتێکی تر بە پێی خواست و بەرژەوەندیەکانی دەگۆڕێت ، هەر سەرکردە و وڵاتێک بیەوێت مامڵە لەگەڵ ترەمپ بکات دەبێت میزاجی ترەمپ بزانێت و بنچینەکەشی بریتیە لە بەرژەوەندیەکانی ، ڕێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو پیاوە بە پێداهەڵدان و دووڕوویکردن و ماستاوکردندا دەڕوات ، ئای قوڕبەسەر ئەوانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم پێنەدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆی جا یان بە زنجیرە باجی گومرگی بۆردومانیان دەکات یان لیژنەکە بە نادادپەروەری و پاکیی و خیانەتکردن لە خەڵاتی نۆبڵ تاوانباریان دەکات ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە هەندێک پێشینە هەیە کە هەلی ترەمپ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو خەڵاتە پتەوتردەکات ، ساڵی ١٩٧٣ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا « هێنری کیسنجر » و « لیی دوک سووی » دبلۆماتکاری ڤیەتنامی پێکەوە خەڵاتی نۆبڵ-یان وەرکرت ، بەهۆی ڕۆلی هەردووکیان لە دانوساندنی سەرکەوتووانە لە ڕاگرتنی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا ، هەر کیسنجەر-یش بوو داوایکرد هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانی کاولکار بکرێتەسەر هانۆی پایەتەختی ڤیەتنام کە بۆمباهاوێژی (بی 52 ) بەکاهات و ترەمپ-یش بۆمباهاوێژی ( بی 2 ) بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران بەکارهێنا کە هاوتای ( بی 52 ) بوو ، بەڕای کیسنجەر بۆردومانی وێرانکەری ئەمەریکا بۆسەر ڤیەتنام کاریگەری باشی هەبوو بۆ ڕازیکردنی ڤیەتنام کە نەرمی بنوێنێت ، مەنتیقی کیسنجر هەمان مەنتیقی ئاشتی-یە لەمیانی هێزدا کە ترەمپ باوەڕی پێی هەیە ، بۆیە غەززە و ئێران نابنە ڕێگر لەبەردەم وەدەستنەهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆی .