دواین هەواڵ

لێکدانەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ لاوازی جوڵانەوە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان

‌رابەر تەڵعەت

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دیمەنی سیاسیی سلێمانی دوو زەبری گەورەی بەرکەوت. سەرەتا دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ، و دواتر هەڵکوتانە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، و کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چەکداریی کورتخایەن. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چۆن توانی ئەم کارە بکات، بەڵکو ئەوەیە بۆچی دوای بێدەنگکردنی دوو هێز کە پێکەوە خاوەنی زیاتر لە ٢٥ کورسی پەرلەمانین لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، شەقام بە تەواوی بێدەنگە؟ ئەم بێدەنگییە، لەخۆیدا، بابەتی قووڵترین شیکارییە بۆ سروشتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان.   

لە ڕوانگەی تیۆری هەژموونەوە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەنها لە ڕەزامەندیی کولتووری یان ئایدیۆلۆژییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەسەر مۆنۆپۆڵی دوولایەنەی هێزی چەکدار بونیاد نراوە. لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بەشێک نین لە دەوڵەتێکی بێلایەن، بەڵکو درێژکراوەی ئیرادەی حیزبن. کاتێک فەرمانێک دەردەچێت، جێبەجێکردنەکەی پرۆسەیەکی یاسایی نییە هێندەی نمایشێکی سیاسیی هێزە. بۆیە، لاوازکردنی ڕکابەرەکان لە ڕێگەی "دەزگا ئەمنییەکان"ەوە، گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سروشتیی سیاسەت لەم ناوچەیە، نەک لادان لێی!  

تیۆری "پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان" (Political Opportunity Structure) یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە لاوازیی جوڵانەوە نوێیەکان. لە کوردستان، ئەم پێکهاتەیە بەهۆی کۆنترۆڵی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەسەر ئابووری، ئاسایش و میدیادا، تا ڕادەیەکی زۆر داخراوە. هێزە نوێیەکان لەم بۆشاییە داخراوەدا، نەک وەک جوڵانەوەی کۆمەڵایەتیی ئۆرگانیک، بەڵکو وەک "ستارتئەپی سیاسی" (Political Startups) دەردەکەون. ئەوان پشتیان بە سەرمایەی میدیایی و گوتاری پۆپۆلیستی بەستووە بۆ کۆکردنەوەی "دەنگی ناڕازی"، نەک بۆ بونیادنانی "بنکەی جەماوەریی ڕێکخراو". پەیوەندییان لەگەڵ جەماوەر یەکلایەنەیە: لە سەرکردەوە بۆ بینەر، نەک دیالۆگ و مۆبیلیزەکردنی دوولایەنە. کاتێک سەرکردەکە، کە ناوکی جوڵانەوەکەیە، دەستگیر دەکرێت، دەنگدەرە پاسیڤ و پەرتەوازەکان هیچ میکانیزمێکی ڕێکخراویان نییە بۆ کاردانەوە.

یەکێک لە قووڵترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە، نەبوونی بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە بۆ هێزە نوێیەکان. دەسەڵات لە ڕێگەی سیستەمی پاترۆناژ (دابەشکردنی وەزیفە و ئیمتیازات) توانای کڕینی وەفاداری و بێدەنگکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن ببنە نوێنەری چینێکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو (بۆ نموونە کرێکاران، مامۆستایان، یان بۆرژوازیی نیشتمانی). زۆربەی کات سەرکردەکانیان خۆیان بەشێکن لە چینی سەرمایەداریی نوێ کە لەناو هەمان سیستەمی ئابووریدا کار دەکەن. ئەمە وا دەکات ململانێکەیان تەنها سیاسی بێت، نەک چینایەتی یان کۆمەڵایەتی. کاتێک جوڵانەوەیەک لە هەناوی داینامیکێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەوە لەدایک نەبێت، بنکەکەی تەنها کۆمەڵێک تاکەکەسی ناڕازیی لێکدابڕاون کە بە ئاسانی بێدەنگ دەکرێن. 

ئەنجام: 
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، دەرخەری هێزی یەکێتی نین هێندەی ئاشکەرکەری لاوازیی پێکهاتەیی و ڕووکەشیی ئۆپۆزیسیۆنە. کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بە یاسای سندوقی دەنگدان بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە هاوکێشەی هێزی چەکدار، کۆنترۆڵی ئابووری و شەرعیەتی مێژوویی دیاری دەکرێت. جوڵانەوە نوێیەکان، سەرەڕای بەدەستهێنانی سەدان هەزار دەنگ، نەیانتوانیوە ببنە زەروورەتێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کە بتوانن سنورێک بۆ دەسەڵات دابنێن. ئەوان لەسەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان گەورە دەبن، بەڵام چونکە ڕەگیان لەناو خاک و داینامیکی کۆمەڵگادا نییە، لەگەڵ یەکەم زریانی سیاسیدا هەڵدەتەکێن. بێدەنگیی شەقام، لە کۆتاییدا، حوکمی مەرگی ئەو وەهمەیە کە پێیوابوو دەتوانرێت بەبێ گۆڕینی بنەما سۆسیۆلۆژییەکانی دەسەڵات، گۆڕانکاریی سیاسی دروست بکرێت. 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP