پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك پارتێکی ڕەسەن و پێشەنگ لە كوردستاندا، مێژوویەكی پڕ سەروەری و خەباتی بەردەوامی هەیە. لە دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی نەمر بارزانی، پارتی بووە چرا و ڕێنوێنی گەلی كورد لە ڕێگەی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا. لەكاتێكدا ناوچەكە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی بە قۆناغی جیاواز و دژواردا تێدەپەڕی، پارتی توانیویەتی وەك لایەنێكی سەرەكی و كاریگەر ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و هەمیشە بەرگری لە مافی چارەنووس و خواستەكانی گەلی كوردستان بكات، هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا، (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) دەکاتە درووشمی سەرەکیی خۆی.
یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی فەلسەفەی پارتی، پابەندبوونی قووڵە بە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی. پارتی بڕوای وایە كە تاك و كۆمەڵگە دەبێت لە سایەی سیستمێكی دیموكراسی و حوكمڕانییەكی لە دۆخێکی خۆشگوزەراندا بژین، كە تیایدا ماف و ئازادییەكان پارێزراو بن. هەر لەم سۆنگەیەوە، پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی، هەوڵی داوە بۆ چەسپاندنی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و مۆدێرن لە عێراقدا، كە تێیدا هەموو پێكهاتەكان، بە كوردیشەوە، مافەكانیان پارێزراو بێت و بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەک بەوشێوەیەی ئێستا کە جیاکارییەکان کاریگەریی زۆر نەرێنی هەبووە.
یەكێكی دیكە لە بنەما سەرەكییەكانی پارتی. جەختکردنەوەی بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كێشە بنەڕەتییەكانی ئێستای عێراق، وەك پارتی ئاماژەی پێدەدات، لە پابەندنەبوون بەو دەستوورەوە سەرچاوە دەگرن. لەم ڕوانگەیەوە، پارتی بە جددی كار دەكات بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران، بە دوورخستنەوەیان لە ململانێ سیاسییەكان، هەوڵەکانی پێشوویی و پێداگیرییەکانی لەپێناو کوردستانیان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پارتی زۆر بوێرانە بەرگریی لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد کردووە.
لە قۆناغی ئێستادا، كە عێراق و ناوچەكە بە گشتی بە هەلومەرجێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، پارتی جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق دەكاتەوە. ئەم پابەندبوونە، بە تێڕوانینی پارتی، كلیلی چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق و پارێزگاریكردنە لە یەكێتی و سەروەریی وڵات، پارتی بڕوای وایە كە جێبەجێنەكردنی ماددە دەستوورییەكان، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠، هۆكاری سەرەكی ناجێگیری و دروستبوونی قەیرانەكانە. لەم ڕوانگەیەوە، پارتی سوورە لەسەر دابینكردنی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەكان، وەك مافێكی دەستووری و بژێوی هاونیشتمانیان.
لە ڕاستیدا پارتی تەنیا پارتێكی سیاسی نییە كە خواستی دەسەڵاتی هەبێت، بەڵكو بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیشە كە هەمیشە خەمی گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی ژیانێكی باشترە بۆ هاووڵاتیان. لەم پێناوەدا، پارتی كار بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و پیادەكردنی دادپەروەری لە پەرەپێدانی سەرجەم ناوچەكان، شار و گوندەكان دەكات. ئەم دیدگایە، كوردستان و عێراق دەكاتە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێز و خۆڕاگر، كە بتوانێت بەرگەی گۆڕانكارییە جیهانییەكان بگرێت و دەرفەتی كار و ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ گەنجان و هەموو چین و توێژەكان دابین بكات.
لەم كاتە هەستیارەدا، كە ناوچەكە و جیهان بە دۆخێكی نائارامدا تێدەپەڕن، پارتی وەك كاراكتەرێكی كاریگەر و ژیر لە عێراق و ناوچەكەدا ناسراوە. سیاسەتە داناییەكانی پارتی كە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە بونیاد نراوە، جێی ڕێز و سەرنجی ناوەندە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانە.
لەو ڕوانگەیەوە گرنگە، دەنگدەرانی دڵسۆز لە كوردستان و عێراقی فیدراڵ ،لە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە هەمان ڕۆحی پێشمەرگانەی خۆیانەوە، ڕوو بكەنە سندووقەكانی دەنگدان و متمانەی خۆیان بە لیستی (٢٧٥) و پارتی دیموکراتی کوردستان نوێ بكەنەوە. دەنگدان بە پارتی بە واتای دەنگدانە بە زامنکردنی ئازادی و دیموكراسی، دەنگدانە بە پارێزەری مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و عێراق، و دەنگدانە بە داهاتوویەكی گەش و خۆشگوزەران بۆ نەوەكانی داهاتوو.