من، وەک کوڕە پێشمەرگەیەک لە بنەماڵەیەکی خەباتگێڕی کەرکووک، هۆکاری سەرەکی کاندیدبوونم لە دوو خاڵی سەرەکیدا کۆدەبێتەوە: یەکەم، بەردەوامیدان بە ڕێچکە و ڕێبازی بنەماڵەکەم کە زادەی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانە بۆ ئەم خاکە. دووەم، و لە هەمووشی گرنگتر، خزمەتکردنی شاری کەرکووک و خەڵکە خۆشەویستەکەی. باوەڕم وایە خزمەتکردنی کردەیی باشترین شانازی ژیانە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانین قەرەبووی ئەو غەدرە گەورانە بکەینەوە کە لەم شارە کراوە.
کەرکووک، وەک شارێکی پەراوێزخراو و غەدرلێکراو، پێویستی بە نوێنەرایەتییەکی بەهێز و کاریگەر هەیە لە بەغدا. ئامانجی من ئەوەیە کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیکردنی کەرکووکەوە لە پەرلەمانی عێراق، کەموکوڕییەکان قەرەبوو بکەمەوە و خزمەتێکی شایستە بە شارەکەم بکەم. کەرکووک پێویستی بە ئیدارەیەکی هاوبەش و دادپەروەرانە هەیە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی بپارێزێت. پێویستی بە ئاوەدانی، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بووژانەوەی ئابووری، و دەرفەتی کار هەیە. لە هەمووشی گرنگتر، پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری هەیە، دوور لە ململانێ و ناکۆکییەکان. دەبێت کەرکووک ببێتە نموونەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، کە تیایدا هەموو پێکهاتەکان هەست بە خاوەندارێتی و ئارامی بکەن.
بەداخەوە، لە ڕۆڵی ئێستای کورد لە ئیدارەدانی کەرکووک ڕازی نین. پێگەی کورد لە شارەکەدا وەک پێویست بەهێز نییە و جیاکارییەکی زۆر هەیە. ئەوەی ئێستا هەیە لە ئاستی ئاوات و تموحی کورددا نییە، چونکە کورد خۆی بە خاوەنی ئەم شارە دەزانێت و دەبێت ڕۆڵێکی کارا و یەکسانی لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا هەبێت. بۆیە، پێگەی کورد لە بەغدا زۆر گرنگە؛ چونکە بەغدا ناوەندی بڕیاردانی دەوڵەتە و شەڕی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لەوێ دەکرێت. نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەهێزی کورد لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ زۆر پێویستە بۆ فشار خستنە سەر حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و یاسایانەی کە مافی کورد لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەپارێزن. دەبێت نوێنەرانی کورد بە یەکگرتوویی و بەهێزییەوە کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان بکەن.
گەنجانی کەرکووک ڕووبەڕووی مەینەتی زۆر بوونەتەوە، نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن وای لێکردوون ناچار بن شار جێبهێڵن. ئێمە باوەڕمان وایە گەنج داینەمۆی داهاتووی کەرکووکە و پلانی جددیمان هەیە بۆیان. بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، کار بۆ زیادکردنی هەلی کار دەکەین لە ڕێگەی هاندانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە بچووکەکانەوە. هەروەها، هەوڵ دەدەین لە بەغداوە فشار دروست بکەین بۆ تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و دابینکردنی قەرز و یارمەتی بۆیان. چەندە لە بەغدا بەهێز بین، ئەوەندە زیاتر دەتوانین خزمەتی کەرکووک و گەنجەکانی بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە داهاتوویان لە شارەکەی خۆیاندا گەش دەبێتەوە.
لەبارەی کێشە ڕیشەییەکانی وەک زەویوزار و ناسنامەی نەتەوەیی، کارنامەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەم پرسانە بە یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، نەک بە هەڕەشە و تەعریب. پێویستە ماددەی ١٤٠ی دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و خاوەندارێتی ڕاستەقینەی زەوییەکان بە بەڵگەنامەی فەرمی یەکلایی بکرێتەوە و مافی جووتیارانی کورد بپارێزرێت. ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆتاییهێنان بە تەعریب و گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەیی لە هەموو سێکتەرەکاندا.
کەرکووک هەمیشە لەژێر هەڕەشەی جۆراوجۆردا بووە، لە تەعریبەوە تا تیرۆر و تۆقاندن. ئێمە بە توندی تیرۆر و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە و پەیاممان ئاشتی و تەباییە بۆ هەموو پێکهاتەکان. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، دەمانەوێت مەلەفی ئەمنی کەرکووک هاوبەش بێت لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە، بە شێوەیەک کە متمانە و هەماهەنگی تەواو هەبێت. ئەمە دەبێتە نموونەیەک بۆ پاراستنی شارەکە لە هەموو مەترسییەکان و کۆتاییهێنان بە تەعریب و گەڕاندنەوەی سەقامگیری. ئامانجمان کەرکووکێکی ئارامە کە هەموو لایەک تێیدا هەست بە ئاسایش بکەن.
دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە کەرکووک زۆر خراپە و ئەوەی ئێستا هەیە تەنها ڕووکەشە. خەڵکی کەرکووک شایەنی خزمەتکردنێکی باشترن و دەبێت بە فیعلی خزمەت بکرێن. ئێمە پلانمان وایە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بکەین. یەکەم، داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی گونجاو لە بەغدا دەکەین بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، چونکە کەرکووک شارێکی دەوڵەمەندە و دانیشتووانەکەی مافی خۆیانە. دووەم، چاودێرییەکی توند دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە شێوەیەکی دروست و دوور لە گەندەڵی، تا دڵنیا بین لەوەی بودجەکان بە شێوەیەکی باش خەرج دەکرێن. سێیەم، کار بۆ باشترکردنی ژێرخانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، تەندروستی، و پەروەردە دەکەین.
بە هەماهەنگی و کاری جددی، دڵنیاین دەتوانین کەرکووک بکەینە خاوەنی باشترین خزمەتگوزارییەکان و داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر بکەین.