دواین هەواڵ

سەرۆک ماکرۆن سەرۆکایەتی بەرەیەکی ئاشتی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات : کورد لە کام بەرەدایە ؟

‌عادل باخه‌وان

10/04/2025

لە بەرامبەر بەرەی جەنگی ترامپدا، سەرۆک ماکرۆن  سەرۆکایەتی بەرەیەکی ئاشتی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات : کورد لە کام بەرەدایە ؟

1. لەم سەردانە نوێیەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆک ماکرۆن دەیەوێت بەرەیەکی ئاشتی لەبەرامبەر بەرەی جەنگدا دروستبکات. بەرەی ئاشتی لە میسر و ئوردن و فەرەنسا پێکدێت و لەبەرامبەریشدا بەرەی جەنگ لە بنیامین نەتەنیاهۆ و ترامپ پێکدێت. 
2. بەرەی ئاشتی داوای ڕاگرتنی جەنگ لە ئێستا و ئێرەدا دەکات و داوای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی پشووی نێوان حەماس و ئسرائیل دەکات.
3. ئەم بەرەیە هەموو کەرەسەکانی زەبروزەنگ ڕەتدەکاتەوە و دیالۆگێکی بەردەوامی لەگەڵ بەرەی جەنگدا هەیە و لەبرای دابڕان بڕوای بە دانوستان هەیە.
4. ئەم بەرە نوێیە پێیوایە کە تاکە چارەسەری هەمیشەیی بریتیە لە پرسی دوو دەوڵەت، کە دۆنالد ترامپ بە فەرمی وازیلهێناوە و سەرۆک ماکرۆن لە مانگی شەشدا بەفەرمی دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیدا دەنێت.
5. ئەم بەرەیە بە ڕەهایی پلانەکەی ترامپ بۆ غەززە ڕەتدەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک ڕازینابێت کە غەزاویەکان ڕابگوێزرێن.
6. ئەم بەرەیە پێیی وایە ڕەهەندە ئایدۆلۆژیەکەی نێوان ڕاستی توندڕەوی ئیسرائیلی و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، مەترسیە لەسەر ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
7. هەروەها پێیوایە کە دەبێت دەسەڵاتی فەلەستینی بەهێزبکرێتەوە و تازەبکرێتەوە، چ لە روی هەڵبژاردنەوە، چ لە ڕوی پشتگیریی داراییەوە، چونکە تاکە نوێنەری شەرعی فەلەستینیەکانە.
8.  دەیەوێت قاهیرە بکرێتەوە بە چەقی یەکلاییکردنەوەی گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆئەمەش بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو قەناعەتپێبکرێت.
9. ولاتانی ئەم بەرە نوێیە زۆر بە گەرمی پشتیوانی لەو کۆنفرانسە دەکەن کە مانگی شەش، پاریس و ڕیاز لە نیۆیۆرک بۆ پرسی فەلەستینی سازیدەدەن.
10. هەروەها دەخوازن یەکێتی ئەوروپا، کە زۆونی بازاڕی ئازادی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، سازبدرێت بۆئەوەی کارایی زیاتر لەسەر ناتانیاهۆ دابنێت بۆ ناچارکردن بە دانوستان و چارەسەرێکی بنەڕەتی سیاسیانە.
11. هەوڵی گرنگ لە ئارادایە کە کورد ببێت بە ئەکتەرێی گرنگ لەم بەرەی ئاشتیە نوێیەدا. زۆر گرنگە کە کورد لەم بەرەیەدا بێت، بەبێ ئەوەی کۆشکی سپی لەخۆی توڕەبکات ! ئیشی ئەکتەری سیاسی گەورە، ئەوەیە کە بەنێو کێڵگەی ئەڵغامدا بڕوات، بەبێ ئەوەی ئەڵغامێک پیایدا بتەقێتەوە !

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP