لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێكی فەرمیی دەزگهی “ئاسایشی نیشتمانیی عێراق” دژ بە ڕەوتی “سەلەفیی مەدخەلی” ئاشكرا كرا. بڕیارە ئەمنییەكەی كە گشتاندنی بۆ كراوە، “بزووتنەوەی مەدخەلی”ی وەك ڕەوتێكی “زۆر مەترسیدار لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگه” لە عێراقدا دەناسێنێت. ئەمەیش كاردانەوەی “سەلەفییە مەدخەلییەكان” و هەندێك لایەنی دیكەی سیاسیی سوننەی بە دوای خۆیدا هێناوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ. ئەم شرۆڤەیەی بەردەست، لەسەر پاشخان و وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە هەڵوێستە دەكات.
بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی
بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە لە 27ی نیسانی 2025 دا دەرچووە، دەزگهی ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەییی عێراق، لە ڕێگهی “لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی توند”ەوە، فەرمانی كردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی “بزووتنەوەی مەدخەلی”؛ بەو پێیەی ڕەوتێكی “زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاشتەواییی كۆمەڵگە” بەپێی نووسراوەكە. ئەم دامەزراوە ئەمنییەی عێراق كە تایبەتە بە ئاسایشی كۆمەڵگهییی گشتیگر، بۆ بڕیارەكەی دژی “سەلەفییە مەدخەلییەكان” پاساوی بە ڕاسپاردەی دەزگه ئەمنییە پەیوەندیدارەكان هێناوەتەوە. باسی لەوەیش كردووە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، “محەمەد شیاع سوودانی”، لەسەر بڕیاری بەرەنگاربوونەوەكە ڕازی بووە؛ ئەمەیش لە نێوهندی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگاكانی: كەركووك، نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەددین لەگەڵ دەزگه ئەمنی و هەواڵگرییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری.
بەم پێیەیش بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەدخەلییەكان لەسەر ئاستی حكوومەت و دەزگه ئەمنییەكانی دەوڵەت دەركراوە؛ بازنەی بەئامانجگیراویش جوگرافیا سوننەنشینەكەی ناوەڕاست و باكووری عێراقە كە گۆڕەپانی كاری ئەم ڕەوتە ئایینییە سوننەیە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە “هەرێمی كوردستان” بكرێت كە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی كار و چالاكیی بانگەوازی سەلەفی و لەنێویشیاندا “ڕەوتی مەدخەلی”.
بزووتنەوەی مەدخەلی چییە؟
بڕیارە ئەمنییەكەی عێراق “بزووتنەوەی مەدخەلی”ی بەكار هێناوە، بەبێ ئاماژەكردن بە بنكە بنەڕەتییەكە كە ڕەوتی سەلەفییە. ئەم زاراوەیەیش (مەدخەلی) ساڵانێكە وەك ناوی ڕەوتێكی بەرفراوانی سەلەفی بەكار دەهێنرێت بۆ جیاكردنەوە لە ڕەوتی سەلەفیی كلاسیك و تەقلیدیی سعوودی یان سەلەفییەتی ئیسلامیی گشتی. مەدخەلییەكان بازنەی لایەنگری تێگەیشتن و بۆچوونەكانی شەرعزان و فەرموودەناسی سعوودی “ڕەبیع بن هادی ئەلمەدخەلی”ن، بەڵام ئەوانەی ئەمەیان پێ دەگوترێت زیاتر خۆیان بە “سەلەفیی مەدینە” یان هەر تەنیا “قوتابخانەی سەلەفی” دەناسێنن و ئەو ناوزەدكردنەیان بە ناوی مامۆستاكەیان ڕەت دەكەنەوە و بە تانەوتەشەری دەزانن.
ڕەوتی مەدخەلی، لقێكی نوێكراوەیە لە ڕەوتی سەلەفیی سعوودی بە ڕیشە “نەجدی” كە لە سەدەی 18 سەری هەڵداوە. سەرنمای ئەم ڕەوتە ” ڕەبیع مەدخەلی” (93 ساڵ) خۆی خەڵكی شاری جازانی باشووری سعوودیایە لە باشوور، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی فەرموودەناسی، لە زانكۆی ئیسلامیی شاری مەدینە یەكێك بووە لە خوێندكارە دەركەوتووەكانی شێخ “محهمهد بن ئەمان ئەلجامی” بە ڕەگەز ئەتیۆپی (1931_ 1996). هەر ئەمیش بناغەدانەری ڕەوتەكەیە و بەم هۆیەیشەوە جارجار پێیان دەوترێت “سەلەفییەتی جامی” یان “مەدخەلییە جامییەكان”.
هەر یەك لە “محەمەد جامی” و “ڕەبیع مەدخەلی”ی خوێندكاریشی، بە ڕەخنە توندەكانیان لە نەیارەكانیان دەناسرێنەوە؛ هەردووكیشیان لە تانوپۆی گشتیدا وەك هەر بانگخوازێكی تری سەلەفی، كار بۆ ساغكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو تەرزە ئیسلامەتییە دەكەن كە ڕاستەوخۆ بە دەقەكانی قورئان و فەرموودەوە پەیوەستە؛ بە تێگەیشتنی پێشینە یەكەمەكانی ئیسلام كە پابەندییە بە واتا ڕواڵەتییەكانی دەقەكانی قورئان و فەرموودە. ئەمەیش بەشێكی دانەبڕاو و یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی ڕەوتی سەلەفیی “محەمەد عەبدولوەهاب”ە (مردن: 1792ز)، كە ئەویش لە تانوپۆدا دەچێتەوە سەر میرات و كهلتووری شەرعزانی ناوداری شام “ئیبن تەیمیە”، لەگەڵ فەتوا عەقیدەیییەكانی، “ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل” كە سەر مەزهەبی چوارەمی سوننەیە، بەبێ ئەوەی لە شەرعزانی و فیقهدا خۆیان بە ئایینزاكەیەوە ببەستنەوە.
سەلەفییە مەدخەلییەكان لە بەرەنگارییەكی تونددان لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە “حەرەكی” و “جیهادی” و تەنانەت مەدەنییەكانیش. لە ئەدەبیاتی ئەواندا ئەو حزبە ئیسلامییانە “سەرچاوەی بەحزبكردنی ئیسلام و پەرتكردنین”؛ لەگەڵ شیعەكانیش بەریەككەوتنیان زۆرە و لەمەیشدا بەركەوتنە مێژووویییەكەی سعوودیا و ئێرانی پاش 1979 كاریگەریی هەیە؛ لە كێشمەكێشی قووڵیشدان لەگەڵ سۆفی و دەروێشەكان و، تەریقەتەكان وەك “سەرچاوەی شیرك و بیدعە و خورافیات” تەماشا دەكەن.
بەهۆی ئەوەیشی ڕەوتی مەدخەلی، لەسەر هەمان دەستووری قوتابخانەی سەلەفی، بەتەواوی خۆیان نابەستنەوە بە چوار ئایینزا فیقهییە بەربڵاوەكەی سوننە (ئەبو حەنیفە، مالیك، شافیعی، ئەحمەد)، لە زۆر جێگه تووشی بەریەككەوتن و مشتومڕ دەبن و لە پەنا “دژەحزبیبوون”دا دژەمەزهەبگەرایشن و پەیڕەوی لە دەقەكان دەكەن؛ لە كاتێكدا لە زۆر جێگەی جیهانی ئیسلامیدا تەقلید بۆ ئایینداری بەپێویست دەزانرێت، یان لە پەرستشدا پەیوەستن بە نێوانگرەوە بۆ گەیاندنی نزا و ڕاز و نیازی خۆیان بە خودا.
مێژوووی سەرهەڵدان:
بەپێی پێدراوە بەردەستەكان، مێژوووی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی “جامی” و خوێندكارەكەی كە “مەدخەلی”یە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان و شەڕی ئازادكردنی كوێت (گەردەلوولی بیابان). لەو دەمەدا زانای ئایینیی ناسراو “ئیبن باز” و زانا ئایینییەكانی دیكەی ئەندام لە “دەستەی گەورە زانایانی سعوودی” (“العثیمین” بە نموونە)، ڕێگهیان دا بە پشتبەستن بە سوپای ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەددام و، پاساوی شەرعییان لە شێوەی فەتوادا لەنێو سەرچاوەكانی كهلتووری ئیسلامیدا بۆ هێنایەوە (11/ 9/ 1990). بەرامبەر بەمەیش هەندێك لە كەسایهتی و بانگخوازە سەلەفییەكانی دیكەی سعوودیا و دەرەوەی ئەو وڵاتەیش، هاوپەیمانیكردنی ئەمریكا و میوانداریكردنی سوپاكەیان لە سعوودیا (بلاد الحرمین)، بەحەرام و قەدەغەشكاندن لە قەڵەم دا (ئەلبانی و حەوالی بە نموونە). لای خۆیشییانەوە “جامی” و “مەدخەلی”، هەڵمەتێكیان بەڕێوە دەبرد بۆ بەرگریكردن لە هەڵوێستی زانا ئایینییەكانی “دەستەی گەورە زانایان”ی سعوودی؛ لە هەمان كاتیشدا بەگژ ئەوانەدا چوونەوە كە لەگەڵ فەتواكەدا نەبوون.
“مەدخەلی” لەم بارەیەوە كتێبێكی نووسیوە بۆ بەرگریكردن لە فەتواكە و پاساوهێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەعسی سەددام بە هەر ڕێگهیەك بووە، لە سۆنگەی ئەوەی حزبێكی بێباوەڕ و دژەئیسلامە. ئەمەیش بەشێك بوو لە دەرهاوێشتەكانی داگیركردنی كوێت، ئەگەرنا لە ساڵانی هەشتاكاندا لە جەنگی هەشت ساڵەدا سعوودییەكان لە بەرەی عێراقدا بوون دژی ئێران. لەسەر ئەم هەڵوێست و بەرگریكردنەیش “مەدخەلی” و بازنەكەی چواردەوری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیاوە ستایش و پاداشت كران و لە زانكۆ ئیسلامییەكان و مزگەوتەكاندا ئەو بۆشایییانەیان پێ پڕ كرایەوە، كە بەهۆی زیندانیكردن و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ڕەوتە ئایینییە سەلەفییە حەرەكی و ناڕازییەكانەوە دروست بوو. بەم هۆیەیشەوە جامی و مەدخەلییەكان توانییان باڵ بەسەر زۆر لە دامەزراوە ئایینییەكانی سعوودیادا بكێشن.
شێوازی كاری مەدخەلییەكان:
هەرچەندە مەدخەلییەكان لە سایەی گەورە زانا سەلەفییە ناسراوەكانی سعوودیادا كاریان كردووە و لە قوتابخانەی ئەوانەوە دەركەوتوون (ئیبن باز و عوسەیمین بە نموونە)، بەڵام لە میكانیزمی بەرەنگاربوونەوە و شێوازی كاردا تایبەتمەندیی خۆیان هەیە؛ بەوە ناسراون كە ڕووشكێنن لە ڕەخنەگرتنی ئایینی، لە هەڵسەنگاندنی كەسایەتی و گرووپەكانیشدا بڕێك جەخت لە زەقكردنەوەی ڕەخنەكان دەكەنەوە و كەمتر بە لای باسكردنی لایەنی باشەی ڕەخنەلێگیراوەكاندا دەچن. لەم كایەیشدا “مەدخەلی” وەك پێشەوای “الجرح والتعدیل” ئاماژەی بۆ دەكرێت و هەر لەناو سەلەفییەكانیشدا هەن پێیان وایە زیادەڕۆیی دەكەن لە ڕەخنەگرتن و دەرخستنی لایەنە نەرێنییەكانی كارەكتەرە ئایینییەكان و، ئەمەیش وەك مۆركێكی سەرەكیی ئەوان ئاماژەی پێ دەكرێت.
لە بیری سیاسیدا سەلەفییە جامی و مەدخەلییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ڕەوتی هاندەری گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتەكانن لە ڕێگەی وابەستەییی كتومت بە چەمكی “ولي الأمر”هوه، كە لە قورئاندا هاتووە؛ ئەمەیش بەسەر حوكمڕانە زاڵبووەكانی جیهانی ئیسلامیدا جێبەجێ دەكەن بەبێ هەڵوێستە لەسەر كارنامەیان. لەم سۆنگەیەیشەوە ئەم ڕەوتە وەك سەلەفییەكانی دیكەی هاوتایان ڕێگە بە بەرهەڵستیكردنی دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەی نادەن. لەمەیشدا لەگەڵ زۆربەی ڕەوتە دێرینەكانی ناو ئایینزای سوننەدا كۆكن، كە تا ڕاددەی زۆر یاخیبوون و شۆڕشكردن دژی فرمانڕەوا پەسەند ناكات؛ بەڵام “ڕەبیع مەدخەلی” تۆمەتباركردنیان بە دۆستایەتیی دەسەڵات ڕەت دەكاتەوە و، جەخت دەكاتەوە ئەوان لە سنووری توانای خۆیاندا بە دڵ و زمان و پێنووس بەرەنگاری خراپەی فرمانڕەوایان دەبنەوە؛ هەر شتێكیشیان نەتوانی، ئەوە بەدڵ نكۆڵیی لێ دەكەن. ئەوەیش ڕەت دەكاتەوە ئەوان پشتگیریی هەموو فرمانڕەوایان بكەن و، جەخت لەوە دەكاتەوە جێبەجێكاری شەریعەتیان خۆش دەوێت و ڕقیان لە سەرپێچی و شتی خراپی حوكمڕانەكانە.
سەلەفییەكان بەگشتی جەخت لە دوورەپەرێزی لە سیاسەت دەكەنەوە. لە بری ئەوەیش زیاتر جەخت لە چەمكی “پاڵفتەكردنی عەقیدە و پەرستشەكان لە زیادكراوەكان” (بیدعە) دەكەنەوە؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا پێیان وایە خۆسەرقاڵكردن بە سیاسەتەوە پەیوەندیی ئەوتۆی بە دینەوە نییە. هەر لەبەر ئەمەیش زیاتر لە بانگەوازی ئایینیدا چالاكن و بەشداریكردنیان لە كایەی سیاسیدا بە مانا باوەكەی نییە كە خۆپاڵاوتن و دروستكردنی ئۆرگانی سیاسییە؛ بەڵام ئەمە بەسەر ئەزموونی كۆمەڵێك لە سەلەفییەكانی میسر (حزبی نوور) و بەشێك لە سەلەفییەكانی كوێتدا جێبەجێ نابێت كە بەشداری و ڕێكخستنی سیاسییان هەیە.
نموونە عێراقییەكەی ڕەوتی مەدخەلی
بەپێی كارنامەی ناودارە ئیسلامییە سوننەكان، مێژووی گەیشتنی ڕەوتی سەلەفیی نەجدی (سعوودی) بە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە بەر لە ئێستا؛ بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر لە ئاستێكی بەرتەسك و لە شێوەی كەسایەتییە ئایینییەكاندا بێت، چونكە بەپێی پێدراوە مێژوویییەكان، سەلەفییەكان پاش ئەزموونێكی بچڕبچڕی چالاكی و كاری بانگخوازیی سەردەمی بەعس، زیاتر لە پاش 2003 لە شێوەی تەوژمێكی ڕێكخراودا لە مزگەوتەكانی پشتێنەی بەغدای پایتەخت و پارێزگا سوننەكان، ئازادانە كەوتوونەتە چالاكی و كاری بانگەواز و دەركەوتن.
لە 2007دا ڕێبەرێكی دیاری ئەم ڕەوتە لە عێراق، “شێخ محەمەد خوزەیر”، كە بە “ئەبو مەناری عەلەمی” بەناوبانگە، شەڕكردنی دژی سوپای ئەمریكای حەرام كردووە، چونكە بە گوتەی ئەو: “مەرجەكانی جیهادی تێدا نییە”، هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە “گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتی زاڵبوو لە پێناو دوورخستنەوەی گۆبەن، پێویستە”؛ بەوەیش پاساوی بۆ فەتواكەی هێناوەتەوە كە تەقەكردن لە سوپای ئەمریكا لە شارەكاندا، گیانی خەڵكی سڤیل دەخاتە مەترسییهوه. ئەم بۆچوونەی “ئەبو مەنار” كە خەڵكی قەزای عەلەمی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددینە، دەچێتە چوارچێوەی هەڵكردن لەگەڵ حوكمڕان و ڕەتكردنەوەی میكانیزمی چەكداری بۆ دروستكردنی گۆڕانكاریی سیاسی لە كاتی لاوازی. هەروەها ئەم ڕێبەرە سەلەفییە هانی خەڵكی سوننەی داوە كە بچنە ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق و، بایكۆتی سیاسی بشكێنن و بەشداریی پرۆسەی سیاسی بكەن، كە لە سایەی دەسەڵاتی ئەمریكییەكان و شیعە باڵادەستەكاندا كەوتبووە سەرپێ. لەم بارەیشەوە كتێبێكی بڵاو كردووەتەوە كە بەڵگەی شەرعی بۆ بۆچوونەكەی لەبارەی بەشداریكردن لە جومگەكانی دەوڵەت دەهێنێتەوە (2004) بە ناونیشانی “دحر المثلب على جواز تولية المسلم على المسلم من كافر متغلب”.
شێخێكی سعوودییش بە ناوی “موحسن ئەلعوبەیكان” كە ئەندامی دەستەی گەورە زانایانە، پێشەكیی بۆ نووسیوە و پشتیوانیی بۆ دهربڕیوه. كورت و پوختیش كتێبەكەی ڕابەرە سەلەفییە عێراقییەكە، جەخت لەوە دەكاتەوە كه، مامەڵەكردن لەگەڵ فرمانڕەواییكردنی دانراو لەلایەن كافرانەوە (ئەمریكا) دروستە و، دەڵێت “ئەوەم لە پێناو پاراستنی دەوڵەتدا كردووە.” لە نێوهندی جێبەجێكردنی بۆچوونەكانیشیدا “ئەبو مەناری عەلەمی” خۆی پۆستی لە ئەوقافی سەڵاحەددین وەرگرتووە؛ لە دەمی خۆپیشاندان و مانگرتنی پارێزگا سوننەكانیشدا دژی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتر (2012)، ناڕەزایەتییەكانی ڕەت كردووەتەوە، بەو پێیەی دژی “وەلی ئەمر”ی وڵاتە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم ڕێبەرە سەلەفییە دواتر پەیوەندیی لەگەڵ “ڕەبیع مەدخەلی”دا تێك چووە و لە تۆمارێكی دەنگیدا لەلایەن “ڕەبیع مەدخەلی”یەوە بە “ئەهلی فیتنە و گۆبەن” تۆمەتبار كراوە؛ هەروەها هۆشداریی ئەوەیشی داوە بە سەلەفییەكان كە دوای نەكەون، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەبارەی لادانەكانی لە ڕەوتەكە بخاتە ڕوو، لە كاتێكدا كە ناوبراو ساڵانێك نوێنەرایەتیی بۆچوونەكانی ڕەوتەكەی مەدخەلیی كردووە.
“ئەبو مەنار” باس لەوە دەكات سەرەتا لەلایەن “ڕەبیع مەدخەلی”یەوە كراوە بە مەرجەعی سەلەفییەكان لە كاروباری عێراق، بەڵام دواتر بە تۆمەتی ئەوەی شوێنكەوتەی خەڵكی دیكەیە، “رەبیع مەدخەلی” هێرشی كردووەتە سەری. ئەوەیشی دەردەكەوێت ناكۆكییەكەی هەردوو لا زیاتر كەسێنی و ڕواڵەتییە. لە دوای ئەوەیشی كە ڕاگەیەنرا “ئەبو مەنار” سەر بە ڕەوتی سەلەفییەتی تەقلیدیی سعوودییە و نێوانی لەگەڵ مەدخەلییەكان تێك چووە، پێگەكەی لەناو مەدخەلییەكاندا لاواز بوو؛ ئەمەیش دەرگهی بۆ دەركەوتنی چەند كەسایەتییەكی دیكەی ئایینی كردەوە وەك ڕێبەری سەلەفی؛ یەكێك لەوانەیش لە ئێستادا شێخ “سەعد ئەلنایف”ە لە ئەبوغرێبی پشتێنەی بەغدای پایتەخت.
پاڵنەری بڕیاری قەدەغەكردنی مەدخەلی
بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەست هۆكاری سەرەكیی كەوتنەتەقەی دەزگه ئەمنییەكانی عێراق لە “سەلەفییە مەدخەلییەكان”، سەرباری ڕێبازی كەنارگیری و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ڕەوشی سیاسی و قبووڵكردنی حوكمڕانان، پەیوەندیی بە حیساباتی كارەكتەری سیاسیی شیعی و لە پشت ئەویشەوە ئەجێندای ئێرانییەوە هەیە. بەپێی پێدراوە بەردەستەكان خواستی شیعەی دەسەڵات ئەوەیە لە ناوچەكانی چالاكیی “سەلەفییە مەدخەلییەكان”دا گرووپێكی دیكەی سوننەی سەر بە تەریقەتی قادری، چالاك بن و جێگەیان بگرنەوە كە هاوپەیمان و نزیكی شیعەكانن. ئەم گرووپە دەروێشییە، بنكەیان پارێزگای ئەنبار و فەللوجەیە و زیاتر لە پاش كەوتنی بەعس (2003) بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ناوچە سوننەكان دەركەوتوون.
هەر بەپێی ئاماژە بەردەستەكان ئەم گرووپە دەروێشە كە ساڵانێكە لەگەڵ حەوزەی شیعەدا كاری هاوبەشیان هەیە، خێزانێك بە ناوی “ئالووسی” سەروكاریان دەكەن و ئێستا “عەبدولقادر ئالووسی” كەسی یەكەمیانە؛ ئەنجومەنێكیشیان بە ناوی “مجلس علماء الرباط المحمدي”ی پێك هێناوە (2015)؛ بەئاشكراش پشتیوانی لە گرووپە چەكدارە شیعەكان دەكەن. هەروەها لە گوتاری خۆیاندا دژی “بەنی ئومەیە”ن؛ ئەمەیش بەدڵی شیعەكانی هێڵی ئێرانە و لە ئێستادا لە ڕێگهی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانییەوە، كە لەدەستی ڕێكخراوی بەدری “هادی عامری”دایە، پشتیوانی دەكرێن، بەتایبەت كە ئەم كۆمەڵە دەروێشییە لەگەڵ بەجەژنكردنی غەدیردا كۆكن و، لارییان لەوە نییە “ئیمام عەلی” پێش بخەن بەسەر خەلیفەكانی دیكە، بەپێچەوانەی باوەڕی سوننەكانەوە.
ئەم گرووپە ڕكابەرەی سەلەفییە مەدخەلییەكان (الرباط المحمدي) لە كەناڵی فەرمیی دەوڵەت (العراقیة) بەرنامەیەكیان پێ دراوە بە ناونیشانی “وأنا من الحسین”. یەكێك لە شێخەكانیشیان كراوەتە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و لەگەڵ فەرمانگەی “بەگژاچوونەوەی تیرۆر”ی سەر بە “حەشدی شەعبی”دا پرۆژەی هاوبەشیان هەیە و سەردانی هێزەكانی حەشد دەكەن و ستایشی كارەكانیان دەكەن. نەك هەر ئەوە بەڵكوو لە پێشهات و چالاكییەكانی “بەرەی موقاوەمە”ی ئێرانیدا بەیاننامەی پشتیوانییان هەیە.
بەڵام ڕێبەری پێشووی مەدخەلییەكان و كەسایەتیی دیاری سەلەفیی عێراق، “ئەبو مەناری عەلەمی” ڕایەكی دیكەی هەیە و جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق دژی “سەلەفییە میانڕەوەكان” نییە، چونكە “حكوومەت عاقڵە و دەزانێت ئەبو مەنار لەگەڵ هێڵی حكوومەتدایە”. باس لەوەیش دەكات حكوومەت تەنیا “مەدخەلییەكان” بەئامانج دەگرێت و لەمەیشدا دەشێت زانیاریی تایبەتی خۆی هەبێت یان بەهەڵەدا برابێت. باس لەوەیش دەكات ئەم ڕەوتەی مەدخەلی “كاری سەرەكییان ڕەخنەگرتن و برینداركردنی خەڵكە و لەوەدا زیادەڕۆیییان كردووە”. ئەم لێدوانانەیش لێكترازانی ئاشكرای سەلەفییەكانی عێراق دەردەخات و ڕەوتی مەدخەلییەكانیان بەرامبەر بڕیارەكەی حكوومەت تەنیا دەكاتەوە.
هەڵوێستی مەدخەلی و هێزە سوننەكان
لە پاش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەكردنیان، یەكێك لە شێخ و مامۆستا ئایینییە دەركەوتووەكانی “سەلەفیی مەدخەلی” بە ناوی “سەعد ئەلنایف” كە وتاربێژی مزگەوتی “المصطفی”ی ناوچەی “خان زاری”ی قەزای “ئەبو غرێب”ە، لە لێدوانێكدا جەختی كردەوە: ئەوان نە “جامی” و نە “مەدخەلی”ن، بەڵكوو شوێن سوننەت دەكەون و كەسی تر نا. لە ناوچەكانی دەوروبەری بەغدا و لە پارێزگای سەڵاحەددینیش بەوە ناسراون كه، دەرچوون لە فرمانی “وەلی ئەمر” ڕەت دەكەنەوە و بەرهەڵستیی دەسەڵات ناكەن؛ ئەمەیش وای كردووە ببنە ئامانجی تۆمەتباركردن بەوەی، پەیوەندیی دەرەكییان بە هەندێك ڕەوتەوە هەیە. ناوبراو جەختی لەوەیش كردووەتەوە ئەوان لەگەڵ سیاسەتكردندا نین، سەر بە هیچ دەوڵەتێكیش نین و داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن كە لەدژیان دەرچووە.
بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی، نەك تەنیا سەلەفییەكان بەڵكوو جێگەی سەرسوڕمانی هەندێك لایەنی دیكەیە؛ بەو پێیەی سەلەفییەكان- بە مەدخەلییەكانیشەوە- لەگەڵ دەوڵەتدا تەبا بوون، دژ بە ئەلقاعیدە و داعش وەستاونەتەوە و لەسەر ئەمەیش دووچاری مەترسی و هەڕەشە بوونەتەوە. دووریش نییە جگە لە ڕاپۆرتی ئەمنی، ململانێی هەڵبژاردن لە پشت ئەم بڕیارەوە بێت، بەتایبەت كە ڕەوتی مەدخەلی كاریگەرییان لەسەر هەندێك بنكەی جەماوەریی ناوچە سوننەكان هەیە. ئەو گرووپە سووننەیشی دژ بەمانن (الرباط المحمدي)، زیاتر لە هێزە شیعەكانی وەك رێكخراوی بەدر و بزووتنەوەی عەسائیبەوە نزیكن.
لەسەر ئاستی سیاسییش، ئەو لایەنەی بەئاشكرا و بەزەقی پشتیوانیی سەلەفییەكان دەكات، “هاوپەیمانیی سیادەی” سوننەیە بە سەرۆكایەتیی “خەمیس خەنجەر”. ئەم بەرە سوننەیە كە لە جەمسەری قەتەر _ توركیاوە نزیكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە “پێشێلكاریی مەترسیدار” لەسەر بنەماكانی ئازادیی ڕادەربڕین و مەترسی بۆ سەر “فرەییی فیكری ئیسلامی” لە عێراق دەداتە قەڵەم. جەخت لەوەیش دەكاتەوە بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە هزرییە عەقیدەیییەكان بە بڕیاری ئەمنی ناكرێت؛ قەدەغەكردنیشیان هانیان دەدا بۆ توندڕەوی. هەروەها باس لەوە دەكات بڕیارەكە دەرگه دەكاتەوە بۆ بەئامانجگرتنی ڕەوتی دیكەی عەقیدەیی لە داهاتوودا؛ ئەمەیش درزی گەورە دەخاتە نێو متمانەی كۆمەڵگه و دەوڵەتەوە.
هەر لەم بهینهیشدا “خەمیس خەنجەر”ی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (23ی ئایار) نوێژی جومعەی بردە مزگەوتی “سەلەفییە مەدخەلییەكان” لە خان زاریی ئەبو غرێب (المصطفی). لە وتاری جومعەیشدا، “شێخ سەعد ئەلنایف”ی مامۆستای ئایینیی دەركەوتووی سەلەفییەكان، پاش بەرگریكردن لە بۆچوونەكانیان و بیرهێنانەوەی هەڵوێستەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ستایشی “خەمیس خەنجەر”ی كرد لە “پشتیوانیكردنی گوتاری میانڕەو”. بەم پێیەش لە ئێستادا ڕەوتەكەی خەنجەر بووەتە دەمڕاستی سیاسیی سەلەفییەكان؛ بەتایبەت لە عێراقدا هەم هێزی سیاسیی سوننیی نزیك لە سعوودیا نین و هەم ڕوون نییە ئاخۆ سعوودیای بن سەلمان لەسەر سەلەفییەكان دێتە سەر هێڵ یاخود نا؛ بەتایبەت كە تێهەڵچوون لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی عێراق ئاسان نییە. لە سعووددیەشدا چەند ساڵێكە كاركردن بۆ كاڵكردنەوەی سیمای ئایینیی سەلەفییانەی دەوڵەت دەستی پێ كردووە و هەندێك قۆناغیشی بڕیوە.
چارەنووسی بڕیارەكە
كۆتاییی هەفتەی ڕابردوو، مامۆستای دەركەوتووی “سەلەفییە مەدخەلییەكان”، “سەعد ئەلنایف” و كۆمەڵێكی تری هاوكار و هاوڕێی لەگەڵ “قاسم ئەعرەجی” ڕاوێژكاری ئاسایشی عێراقدا، دەركەوتن. بەپێی ڕاگەیانراوی پاش دیدارەكە هەردوو لا باسیان لە “پتەوكردنی ئاسایشی میللی” و “ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پشتیوانیكردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە ڕێگهی هاریكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان”دا كردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغهكردن یان چارەنووسی گشتاندنەكەی “ئاسایشی نیشتمانی” نەكراوە، كە وا دیارە تەنیا لە دەسەڵاتی “قاسم ئەعرەجی”دا نییە؛ بەو پێیەی لە ئاماژەكردنەكاندا گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییە عێراقییە جیاجیاكان و نوێنەرانی پارێزگا سوننەكان. لە لایەكی دیكەوە ماڵپەڕێكی ئیماراتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە باسی لەوە كردووە: بڕیاری قەدەغەكردنی “سەلەفییە مەدخەلییەكان” لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەمنیی نێوخۆیی نەبووە، بەڵكە زادەی گوشاری سوپای پاسدارانی ئێرانە لەسەر ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەییی عێراق؛ مەبەستیشیان لەم بڕیارە، لاوازكردنی ڕەوتی سەلەفیی مەدخەلییە لە بەرژەوەندیی گرووپێكی دیكەی سوننیی نزیك لە هێڵی تاران.
كۆبەند
بڕیاری قەدەغەكردنی ڕەوتی “سەلەفیی مەدخەلی” و ڕاگەیاندنی بەرەنگاربوونەوەی، لە ڕواڵەتدا پاساوەكەی ئەمنییە و پەیوەست كراوە بە پاراستنی ئاشتەواییی كۆمەڵایەتی و ڕاپۆرتە ئەمنییەكان، بەڵام لە پشتپەردەوە بەشێكە لە دەستوەردانی زۆرینەی شیعەی باڵادەست لە نەخشەی ئایینی و مەزهەبیی نێو كۆمەڵگه سوننییەكانی عێراق و شارۆچكەكانی پشتێنەی بەغدا؛ ئەمەیش لە پێناو زاڵكردنی ئەوانەی لە بەرەی شیعییەوە نزیكن و لاوازكردنی ئەوانەی ڕیشەیان سعوودییە.
لە بڕیارەكەدا هیچ میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بەرەنگاربوونەوەی سەلەفییەكان دیاری نەكراوە كە جگە لە پارێزگا سوننەكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەیییان هەیە و خاوەن مزگەوت و دامەزراوەی بانگخوازین. بەهۆی ئەم ناڕوونییەیشەوە ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئاخۆ دەزگه ئەمنییەكانی عێراق بە گرتن و هەراسانكردنی ئەمنی، بەرەنگاری سەلەفییە مەدخەلییەكان دەبنەوە یان گوشار دهخهنه سهر چالاكییە بانگخوازییەكانیان و بەرتەسكیان دهكهنهوه؟ لە پاش دیداری هەردوو لا و گوشارەكانی نێو شەقامی سوننەیش، ئەگەرێك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، بەتایبەت كە عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە و هەندێك لایەنی سیاسیی سوننە، لەسەر هێڵن بۆ هاتنەدەنگ لەسەر سەلەفییەكان و، كارنامەی سیاسیی ڕەوتەكەیش پاڵپشت و پشتیوانیانە لە بەرگریكردن لێیان.