گوتار و وتار و دیدگاکانی سەرۆک بارزانی، کە بەرهەمی زیاتر لە (63) ساڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیەتی، چەندان حەقیقەت و لۆژیک بۆ ئێستا و داهاتوو ڕوون دەکەنەوە، هەمیشە لە گوتار و لێدوانەکانی “سەرۆک بارزانی” جێگەی بایەخی زۆربوون، بە تایبەت لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003) و دواتریش نووسینەوەی دەستووری عێراق، بۆچوون و سیاسەتی دووربینانەی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا بە هەند و بایەخ وەرگیراوە.
بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژووییەکی زۆر دوور، سەرۆک بارزانی هەمیشە باوەڕی بە جۆرێک لە سیاسەتی ئاشتی و تەناهی هەبووە، لە کاتێکدا هەرێم خاوەن دەسەڵات و هێزێکی سەربازی پتەو بووە، بەڵام هەمیشە بیری ئارامی و ئاشتی لە زهنییەتی سەرۆک بارزانی زاڵ بووە، هەر ئەمەش وایکردووە، کە ئێستا وەکو مەرجەعی کوردستان، بە گرنگییەوە لە بۆچوون و تێگەیشتنە قووڵەکانی لەناوچەکەدا بڕوانرێت.
پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی ئابووری و دیپلۆماسییەتی گشتی، کە بەشێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی عێراق و دەستووردا بووە، بۆ بەغدا مایەی نیگەرانی بووە، نیگەرانییەکانی بەغدا ڕەهەندێکی یاسایی و واقعی نییە، بەڵکو دەرەنجامی بیری شۆڤێنیەت و ڕەدکردنەوەی بنەماکانی شەراکەت و هاوبەشی کار و پێکەوە کارکردن بووە، لە کاتێکدا چەندان جار، بە ڕێگەی جوودا: (بەکارهێنانی دادگەی فیدراڵی، جوڵاندنی هێز بە نایاسایی، ڕاگرتنی بووجە، بڕینی مووچە هتد…) هەوڵیداوە پێش لە سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، لە ئاستی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەتا ئەمریکا و وڵاتانی خاوەن هەژموونی ناوچەیی، ئەو حەقیقەتە ڕوون بووەتەوە کە سیاسەتی ڕک و دوژمناکارانەی بەغدا لەپێناو چەسپاندنی یاسا نییە، هەمووان ئەوەیان بۆ ئاشنایە، کە عێراق بە سانایی دەستوور و یاساکان لەپێناو بەرژوەندییەکانی خۆی دژی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، کەواتە مافی ئەوەی نییە بڕیاری نایاسایی دژی هەرێم دەربکات.
لە دوای ساڵی (2003) گەندەڵی لە عێراق بووەتە باوترین دیاردە و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و حکومەت ناتوانێت بنبڕی بکات، ئیتر و چۆن دەوڵەتێک کە سەرتاپاکەی بووەتە گەندەڵی و سەروەری لەدەستدابێ دەتوانێ حوکمی عادیلانەی خەڵک بکات، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق باش دەزانن، هەر دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ڕکی سیاسی و نەتەوەیی بینا بکرێ دەرەنجامەکەی شکست و ماڵوێڕانی دەبێ، بۆیە گرنگە لەم قۆناغەدا، هەڵەی گەورەتر بەرانبەر هەرێمی کوردستان نەکەن، چونکە بێ شک تاسەر ناتوانن لەژێر چەتری سیاسەتی میلیشیاییدا ئازاری خەڵک بدەن.
کۆبەند
خوێندنەوەی ورد و لۆژیکی سەرۆک بارزانی، لە ڕیفراندۆمی (2017) وە سەرچاوە دەگرێ، هەرچەند زیاتر ڕک و سیاسەتی دوژمنکارانەی حکوومەتی عێراق و نەیارانی ناوچەکە بەرانبەر کوردستان دەبینین، بیردەکەینەوە و زیاتر تێدەگەین و شانازیی دەکەین کە دەنگماندا بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، کە ئەوەش لە تێگەیشتنی قووڵی سەرۆک بارزانی بۆ قۆناغی داهاتووی ناوچەکە سەرچاوەی گرت، بۆیە گرنگە ئەوە بزانین هەر کاتێک سەرۆک بارزانی هەنگاو دەنێت، بێگومان دەیان ساڵی دیکەی لێوە دیارە و دەزانێ لە کوێدا بڕیاری پێویست دەدات و چی دەڵێ و چی دەکات، میللەتێک ڕابەڕەکەی بارزانی بێت، شکست و کەوتن و لاوازبوونی خەونێکی بەدی نەهاتووە، پاراستن و مانەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، ئامانجە جێگیر و ستراتیژە بەهێزەکەی سەرۆک بارزانییە.