دواین هەواڵ

ململانێکانی ئیسرائیل و ئێران بۆچی گەیشتە ئەم ئاستە؟

‌فرسەت سەید شوكر

23 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرەبەیانی ٢٠٢٥/٦/١٣، ئیسرائیل تارانی پایتەختی ئێرانی کردە ئامانج. ژمارەیەک زانای ئێرانی کە شارەزای ئەتۆمی بوون هاوکات لەگەڵ فەرماندە باڵای سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەی کردنە ئامانج، هەرچەندە زیانەکان تا ئێستا بە تەواوی نەخەمڵێندراون بەڵام مەزەندەی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل هەیە، دواتر بە گوێرەی گووتەی گووتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل، ئێران زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، دوای ئەوەی وڵاتەکەی سوێندی تۆڵەسەندنەوەی خواردووە، جەنگەکە بە جەنگێکی ستراتیژی و پلان بۆ داڕێژراوی پێشوەختە دێتە ئەژمار جیا لەوەش جەنگێکی تەکنەلۆجی و تا ڕاددەیەکی زۆر تەکنیکییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئیسرائیل "هێرشی پێشوەختە"ی لە دژی ئامانجەکانی ئێران دەستیپێکرد.
سەرەتا تەقینەوەکان لە تارانی پایتەختی ئێران بیستران و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران گرتە ڤیدیۆییەکانی باڵەخانە تەقێنراوەکان و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری شارەکەدا بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی پێگەی ڕاگەیاندنی خۆجێیی ئێران، "نوورنیوز"، بەهۆی هێرشەکانی تاران، 78 کەس کوژراون و 329 کەسیش برینداربوون, هەرچەندە لە ڕۆژی دووەمی شەڕەکەدا ژمارەی قوربانیان زیادی کرد.

لە سەرەتادا نەتانیاهۆ، ڕایگەیاند کە هێرشەکان جێگە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئەتۆمی ئێرانیان گرتووە، کە دامەزراوەی ئەتۆمی ناتەنزە.
دەزگای چاودێریی ئەتۆمی نێودەوڵەتی (ئاژانس) ئەوەی ڕوونکردەوە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بە ئاستی تیشکدانەوە لە دامەزراوەی نەتەنز - کە لە پارێزگای ئیسفەهانی ناوەڕاستی ئێرانە، دواتر ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ زیادبوونێک لە ئاستی تیشکدا نەبووە.

شەڕی ئێران و ئیسرائیل: 

هۆکارەکان، دەستپێشخەری، و کاریگەرییەکان

1. هەڕەشەی بوونگەرایی (Existential Threat): 
   ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی بونیەتی دەبینێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕژێمی ئێران دروشمی “مەرگ بە ئیسرائیل”ی هەڵگرتووە و بەردەوامە لە پشتیوانی کردن و زیادکردنی هاوکارییەکانی بۆ حەماس و حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارییەکانی دیکە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دژی ئیسرائیل بەردەوام
هەڕەشە دەکەن. سەرکردەکانی ئیسرائیل هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە لە خاڵێکدا کۆدەکەنەوە ئەویش پاراستنی دەوڵەت و ڕێگرییە لە جینۆساید یان  هێرشی فراوان بۆ جووەکان.

2.پشتگیری ئێران لە گرووپە دژە ئیسرائیلییەکان:
   ئێران بەردەوامە لە پشتگیری سەربازی و دارایی گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا، کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل. ئەمە وای لە ئیسرائیل کردووە بەرگری بکات و هێرش بکاتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، واتا ئیسرائیل لە یەک دیوەوە هەڕەشەکان نابینێت، بەڵکو پێی وایە، کە هەبوونی هەر گرووپێک لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئێران مەترسییە بۆ وڵاتەکە.

3.پێشگیری (Preemptive Strike): ئیسرائیل باوەڕی وایە کە هێرشکردنە سەر ئێران پێشتر لەوەی ئێران هێرش بکات، باشترین ڕێگای پاراستنە. لە هێرشەکانی ڕابردوودا، ئیسرائیل زانایانی ئەتۆمی و فەرماندە باڵانی ئێرانی کووشتووە لەپێناو لاوازکردنی توانای سەربازی ئێران، واتا سیاسەتی ئێران دەستپێشخەریی بوو لەپێناو مانەوەی خۆی و ئەو دروشمانەی کە ئێران لە پێشووتردا هەڵیگرتبوون دژی ئیسرائیل.

4.شەڕی ئێران و ئیسرائیل تەنها شەڕێکی نێو دوو وڵات نییە، بەڵکو شەڕێکی ئایدیۆلۆژی و سەربازیشە کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئابوری و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئیسرائیل بە هۆکاری پاراستنی خۆی هێرشی کردووە، بەڵام ئەم شەڕە دەکرێت ببێتە هۆی گەرمبوونی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەردوو ڕووی ئابووری و سیاسی، ئیسرائیل و هەتا دیدی ئیدارەی “ترەمپ” ئەوەیە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی ئێران لە بەرەی ڕۆژهەڵات بگرێ کە چین و ڕوسیا لەو بەرەیەدا یەک ستراتیژ و ئامانجیان هەیە ئەویش کەمکردنەوەی زاڵییەت و هەژموونی ئەمریکایە.

5.خاڵێکی سەرەکیی لە ستراتیژی ئیسرائیل بۆ جەنگەکە لە چەند لایەنێکی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە، کە ئەوانیش توانای هێزی سەربازیی و هەواڵگریی و وەرگرتنی زانیاریی پێشوەختە، وەکو ئەوەی لە کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئێراندا ڕوویدا، کاتێک فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لەڕێگەی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە سەرقاڵکران بە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی و دواتر ئیسرائیل لە هێرشێکی فراواندا پێکەوە لەناوی بردن.

6.دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا-ئێران: لە کاتێدا تاران پێداگیریی لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکرد، بەڵام واشتنتۆن جەختی لە سەپاندنی سزاکان دەکردەوە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی  ئێران بە تەواوی نەدەچووە ژێر باری ڕێککەوتنەکان بە بە خواست و ویستی ئەمریکا، بژارەی سەربازی بووە هەنگاوی یەکەم، جیا لەوەش ئیسرائیل باوەڕی وابوو کە بەبێ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران و ڕێگریکردن لەوەی ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دانوستان و ڕێککەوتن لە بەرژەوەندی داهاتووەکەیدا نییە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران خاوەنی توانای پیتاندنی پێشکەوتووە و بەراورد بە ڕابردوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

8.ململانێی ناوچەیی: یەکێک لەو ئامانجە گرنگانەی ئیسرائیل بەدواوەیەتی، سنووردارکردنی هەژموون، کاریگەریی و هەیمەنەی ئێرانە لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش (عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن)، ئیسرائیل دەزانێ چیدیکە هەڕەشەکان ڕووداوەکان ناگۆڕن بۆیە دەستپێشەخەرییەکەی بە ئاراستەکردن لەناودان و کەمکردنەوەی توانا و کاریگەرییەکانیەتی لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە ئیسرائیل چەندان ڕێگەی بۆ هێرشەکانی بەکارهێنا، لەوانە (هێرشی ئەلیکترۆنی، شەڕی دەروونی، بە ئامانجگرتنی کارەبا و سیستمی بەرگری، بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی سێبەر).

چەکی ئەتۆم وەکو هۆکاری ڕاستەقینەی جەنگ

چەکی ئەتۆمی چەکێکی کوشندەیە کە وزەی پێکهاتەی ئەتۆمی (وەک پێکهاتنی یان تێکشکاندنی ناوەک) بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی تەقینەوەیەکی بێوێنە. 

بۆچی ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئیسرائیل؟

1. هەڕەشەی لەناوبردن (conflict of interest):
  ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت، بە تایبەت دوای دروشمی *"مەرگ بە ئیسرائیل"ه ڕژێمی ئێران و پشتگیری گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا. ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، دەتوانێت بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل.

2.توانای پێکهاتن و هێرش (Ability to organize and attack):
   ئێران ئێستا نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە پیتاندنی 60% پیتاندووە، کە تەنیا 30% ی ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
ئیسرائیل باوەڕی وایە کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل یان گرووپە پشتگیریکراوەکانی.

3.شکست لە دانوستاندنەکان (Failure in (negotiation
  گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی (وەک ئەوانەی لە عوممان ئەنجامدراون) نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت. ئەمەش وای لە ئیسرائیل کردووە بڕیاری هێرش بدات پێش ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت .  

کاریگەرییەکانی ئێران گەر چەکی ئەتۆمی هەبێت: 

*شەڕی ئەتۆمی: ئیسرائیل بە "سیاسەتی پێشگیری" هەڵدەستێت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئێران پێش ئەوەی بەکاربهێنرێن.
*گەرمبوونی ناوچەکە: شەڕی ئەتۆمی دەکرێت ببێتە هۆی تەقینەوەی شەڕی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوپەیمانەکانیان.
کاریگەریی جیهانی: تەقینەوەی ئەتۆمی دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری لە جیهاندا.
*چەکی ئەتۆمی بۆ ئیسرائیل تەنها هەڕەشەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی بوونەوەرییە کە پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی ئێرانەوە هەیە. ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ڕێگری لە بەکارهێنانی دەدات.

جیاوازی توانا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیل:

١. هێزی مرۆیی:
- ئێران نزیکەی ٥٧٨ هەزار سەربازی فیعلی (١٥٠ هەزار هێزی وشكانی، ٣٧ هەزار ئاسمانی، ١٨ هەزار دەریایی) + ١٩٠ هەزار سوپای پاسداران و میلیشیای پشتگیریکراو لە ناوچەکە.
- ئیسرائیل ١٦٩٬٥٠٠ سەربازی فیعلی (١٢٦ هەزار هێزی وشكانی، ٣٤ هەزار ئاسمانی، ٩٬٥٠٠ دەریایی) + ٤٦٥ هەزار سەربازی یەدەگی هەیە. .  

٢. هێزی ئاسمانی:
- ئێران ٣٣٤ فڕۆکەی جەنگی (زۆربەیان کۆن، پێش ١٩٧٩) + ژمارەیەکی زۆر درۆن و مووشەکی بالیستی.
- ئیسرائیل ٣٣٩ فڕۆکەی جەنگی (لەنێویاندا ٥٠ فڕۆکەی پێشکەوتووی F-35) + سیستەمی بەرگری ئایڕۆن دۆم.

٣. هێزی زەوی و تەكنەلۆژیا:
- ئێران ١٬٩٩٦ تانک، ٣٤٠٠ تۆبهاوێژ، ٣٤٠٠+ مووشەکی بالیستی.
- ئیسرائیل ١٬٣٧٠ تانک، ١١٠٠ تۆبهاوێژ، ٩٠ مووشەکی بالیستی، بەڵام تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو (وەك درۆن و ڕادار) .  

٤. هێزی دەریایی:
- ئێران ١٠١ کەشتی جەنگی (١٩ ژێردەریایی) .  
- ئیسرائیل ٦٧ کەشتی (٥ ژێردەریایی) .  

٥. بودجە و پشتگیری نێودەوڵەتی
- ئێران بودجەی سەربازی ١٠ ملیار دۆلار پشتگیری لە هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە (وەك حیزبوڵڵا) .  
- ئیسرائیل بودجەی ٢٤٫٤ ملیار دۆلار + پشتگیری تەكنەلۆژیایی ئەمریکا و ڕۆژئاوا .  

جیاوازییەکی سەرەکی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لە بواری سەربازیدا ئەوەیە، 
ئێران پشت بە ژمارەی زۆری سەرباز و چەک دەبەستێت، بەڵام ئیسرائیل پێشكەوتووی تەكنەلۆژیایی و هێزی ئاسمانییە. هەردوو وڵات لە پلەی ١٧ و ١٨ ی بەهێزترین هێزە سەربازییەکانی جیهانن.

کۆبەند

کاریگەریی تەواوی جەنگەکە، لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە دەستپێکرد، دواین داواکاری ترەمپ لە ڕێبەری باڵای ئێران، داخستنی کارگەکانی تایبەت بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم و دەست هەڵگرتن بوو لەو پرسە، بە ڕەدکردنەوەی ئەم داوایەی ئەمریکا ٥ گەڕی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو، دەرەنجامەکانی بە دڵی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو، لە ئێستاوە هەڵوێستەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە گەڕاندنەوەی سزاکان دەبێ، جیا لەوەش ڕێژەی کاردانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر ئێران و ئێران بەرانبەر ئەمریکا و کاردانەوەی بەرانبەر وڵاتانی کەنداو کاریگەریی تەواوی لەسەر داهاتووی ئەم شەڕە دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP