دواین هەواڵ

گەمە نوێکانی سەر تەختەی شەترنج

‌د.سەردار عەزیز

پێش 2 هەفتە

میتافۆری تەختەی شەترنج بۆ جیوپۆلەتیک نوێ نیە، بەڵام ڕەنگە لەم سەردەمەدا کتێبەکەی زبێیگ یان Zbigniew Brzezinsk  دیاریترین بەکاربردنی ئەم میتافۆرە بێت.
لە ناوچەکە، نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو ئاسیای ناوەند و ئەوروپا و ڕوسیا و ئەمریکا، چەندین گەمە لە ئارادایە. لێرەدا باس لە گەمەیەکی فرە لایەنی ئاڵۆز دەکەین، ئەویش خۆی لە دابران و لاوازکردنی ئێران و ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی ڕێسایەکی نوێ بۆ یاریکەرە نوێکان دەکەین.

کەواتە دوو گەمەی گەورە لە ئارادایە، ڕێگریی لە ڕوس و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گەڵ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئەو دوو یاریکەرە، کە هەتا ماوەیەک لەمەوپێش وەک دوو یاریکەری سەرەکی مامەڵە دەکران.

ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبونی ترەمپ، ڕێکەوتنامەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، واژۆ کرا کە ئەمریکا بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ لە لایەن کۆمپانیایەکەوە، سەرپەرشتی ئیدارەی داڵان یان تەنگەبەری زەنگەزور بکات.
ئەم ڕێکەوتنامەیە لە لایەن ئێرانەوە سەرەکۆنە کرا. ئێرانییەکان، ڕێکەوتنامەکەیان بە هاوشێوەی هەنگاوەکانی زیلینیسکی چواند لە ئۆکرانیا. بەو مانایە هەردوو ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەمریکا و ناتۆ داوەت دەکەن بۆ سنوری ڕوسیا. ئەمە یەکێکە لە لێکدانەوە نیمچە ڕاستەکان، بۆ دۆخی ئۆکرانیا، کە زیاتر لە حەکایەتی ڕوسیاوە نزیکە بۆ جەنگەکە.
بەڵام ئێران، پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە لە هەبونی ئەمریکا لە سنورەکەی، لە گەڵ بونی ئامادەییەکی چڕی ئیسرائیل لە ئازەربایجان بە مەترسی لە قەڵەم دەدات.
دیارە جۆرجیا وڵاتێکی ترە کە دەکرێت بهێنرێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە.
ئێستا ئازەربایجان دژ بە ڕوسیایە، هەوڵدەدات هاوکاری ئۆکرانیا بکات و جێگرەوەی ڕوسیا بێت بۆ وزە بۆ ئەوروپا.
لە هەمانکاتدا وەک ڕۆژانی پێشوو بینیمان، ئەمریکا لە ڕێگای  پارەی قەتەری و تورکیاوە هەوڵ دەدات کە غازی ئازەری بگاتە سوریا. لێرەدا هەردوو ئازەربایجان و سوریا لە هەمان گەمەدان بۆ لاوازکردنی ڕوسیا و ئێران. چونکە سوریا گۆڕەپانی ئێران و ڕوسیا بوو لە سەردەمی ئەسەددا.

لێرەوە ئاسیای ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بە پشتیوانی ئەمریکا بەیەکەوە دەبەسترێت لە بەرامبەر ڕوسیا و ئێران و چیندا. 
گرنگی ئازەربایجان لە چەند ڕویەکەوەیە. یەکەم، خاوەن سامانی زۆری نەوتە، ٢٠ هەمە لە دونیادا، بەڵام بە ئاسانی ناگاتە بازاڕ. ئەمە ڕەنگە هێندە گرنگ نەبێت بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام بێگومان ئاسانکارە. دووەم، پێگەی ئازەربایجان کە زبیگناو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک کارتەر وەک ئەو پارچە تەختەی دەبینێت لە ملی بوتڵێکدایە ئەگەر پیایدا تێپەڕیت دەگەیتە بوتلەکە کە بریتیە لە دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەند. لە ڕوی جیوپۆلەتیکیەوە لە ناوەندی ڕوسیا و چین و ئێراندایە. سێیەم، ئەم ناوچەیە پڕیەتی کانەکانی کانزا دەگمەنەکان کە پێداویستی بنەڕەتی ژیریی دەستکردن، کە پانتایی سەرەکی شەڕی زلهێزەکانە لە دونیادا و خاڵی لاوازی ڕۆژئاوایە بەرامبەر چین لە ئێستادا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP