كەمپی مەخموور، كە لە میدیاكانی توركیا و جیهان، قسەی زۆری لەبارەوە دەكرێت، بەوەی كەی چۆڵ دەكرێت و خەڵكەكەی كەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ ئەمەش دوای هەنگاوە هات، كە پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان قەندیل و توركیا دەستپێكردووە و هەنگاوەكانی چەكدانانی پەكەكە بووە بە كردار و لەناو پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێكی بۆ پێكهێنراوە.
لە ساڵی ١٩٩٠، نزكەی ١٥ هەزار كەس لە باكووریی كوردستان، بەهۆی وێران كردنی گوندەكانیان و شەڕی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا، ناچار كران ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن و سەرەتا لە كەمپی ئەرتووش و پاشان لە مەخموور، بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان گیرسانەوە.
باس لەوە دەكرێت، هەنگاو بۆ چۆڵكردنی ئەو كەمپە دەنرێت، چونكە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەنگاوی باشی بڕیوە و ئیدی كاتییەتی ئەوان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هەنگاوی چۆڵكردنی ئەو كەمپە دەستپێكردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هەنگاوەكان ئەنجامی نەبووە و مەخموور چۆڵ نەكراوە.
ئارزوو یڵماز، مامۆستا لە زانكۆی كوردستان لە هەولێر، لە كتێبێكدا بەناوی (سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ناسنامەی كورد و ئاوارەكانی كورد، لە ئەرتەشەوە تا مەخموور)، دەڵێت لە ١٩٩٨، بە چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان و گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سەدام حوسێن، كەمپی مەخموور دروست بوو.
ئارزوو دەڵێت: ”لەگەڵ تێپەڕینی ساڵ بەسەر دروستكردنی ئەو كەمپە، ئیدی بوونی پەكەكە لەو ناوچەیە زۆر بوو، بۆیە توركیا لەوكاتەوە داوا دەكات ئەو كەمپە دابخرێت. لەگەڵ هاتنی داعش، لەو ناوچەیەی كەمپی مەخموور، شەڕێكی زۆر سەختی تێدا روویدا.“
لە ساڵی ٢٠٢١، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماریی توركیا، لە وتارێكدا لەبارەی كەمپی مەخموورەوە گوتی: ”كەمپی مەخموور، وەكوو ماڵێكی پەكەكە وایە، ئەگەر ئێمە واز لەو كەمپە بهێنین، ئیدی ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ماڵە و گەورەتری دەكەن.“
توركیا چەند جارێك پەلاماری ئەو كەمپەی داوە، ئەویش لەرێگەی فڕۆكەی جەنگی F16، بەڵام پەكەكە لە ٢٠٢٣، بەفەرمی رایگەیاند، كە هیچ چەكدارێكیان لەو كەمپی مەخموور نەماوە، ئەوانەی لەوێن تەنیا خێزان و منداڵەكانیان.
كەمپی مەخموور، ٥٥ كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە، خەڵكی ناو ئەو كەمپە ١٢ هەزار كەسن، ئەوان تەنیا لەو كەمپەدا ژیانیان سنووردار نییە، بەڵكوو دەچنە دەرەوە و كار دەكەن و ژیانی ئاسایی خۆیان دەكەن.
كەمپەكە سەرەتا بە چادر دروست كراوە، بەڵام دوای چەند ساڵێك، كەسانی ناو ئەو كەمپە توانیویانە خانووی تێدا دروست بكەن، هەروەها لەناو ئە و كەمپەدا خەڵكەكە، بە پاڵپشتی پەكەكە، ئەنجوومەنێكیان پێكهێناوە و خۆیان بەرێكخراوەیی كردووە، ئەمەش هەر بە گوتەی ئارزوو.
بەگوێرەی گوتەی ئارزوو، كە بۆ (BBC) قسەی كردووە، ئاییندە و چارەنووسی ئەو كەمپە، لەسەر مێزی ئەو كۆمیسیۆنەیە كە لەناو پەرلەمانی توركیا پێكهێنراوە و تاوەكوو ئێستا چوار كۆبوونەوەیان كردووە، بۆ چۆنییەتی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە.
ئەگەر ئەو كۆمیسیۆنە هەر بڕیارێك یان پرۆژەیاسایەك بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربكات، لەبارەی كەمپی مەخمووریشەوە بڕیارێك دەردەكەن و چارەنووسی ئەو كەمپە یەكلایی دەكەنەوە.
بەشێك لە میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، ئەو خەڵكەی لە كەمپی مەخموورن، بەخۆشی خۆیان نەچوونەتە ئەو كەمپە، بەڵكوو گوندەكانیان وێران كراوە، هەروەها لە ساڵانی نەوەدەكاندا، بە هەزاران كورد بەنهێنی لە باكووری كوردستان دەكوژران، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان هاتوونەتە كەمپی مەخموور. ئەگەر بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، پیویستە ناسنامەی توركیایان بدرێتێ و هەروەها سەرلەنوێ پێناسەی هاووڵاتیبوونیان بۆ بكرێت و ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبكەن.