هه‌رێم نیوز
جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌مساڵدا ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌بینین.
سه‌ردار محه‌مه‌د حیجازی، له یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و ئه‌فسه‌رانی فه‌یله‌قی قودسی ئێران رایگه‌یاندوه: دوای شه‌هیدبونی سه‌ردار قاسم سوله‌یمانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، به زویی شایه‌تحاڵی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بین له‌ناوچه‌كه.
ناوبراو باسی له‌وه‌كردوه، كه سه‌رباری فشاره‌كانی ئیسرائیل بۆ ده‌كردنی هێزه‌كانیان له سوریا‌و تێكشكاندنی ئه‌وه‌ی ئه‌و به میحوه‌ری مه‌قاوه‌مه ناویبردوه، به‌ڵام خۆیان راگرتوه‌و سه‌نگه‌ره‌كانیان له‌و وڵاته‌و لوبنان پته‌وتر كردوه.
حیجازی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، "ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له عێراق ده‌نگی خه‌ڵك كپ بكات و سه‌نگه‌ری مه‌قاوه‌مه له‌و وڵاته تێكبشكێنێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون و له‌م رۆژانه‌شدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا وتویه‌تی هێزه‌كانیان له ناوچه‌كه كه‌مده‌كه‌نه‌وه، به كۆمه‌كی خوا له‌مساڵدا ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌بینین."
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی /ئه‌لعاله‌م/ی ئێرانی، دوێنێ سێشه‌ممه، ئیسماعیل قائانی، جێگره‌وه‌كه‌ی قاسمی سوله‌یمانی له پۆستی فه‌رمانده‌یی /فه‌یله‌قی قودسی/ ئێران، كۆتایی به‌سه‌ردانێكی خۆی هێناوه كه دو رۆژ بوه بۆ عێراق ئه‌نجامیداوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، كه ناوی ئاشكرا نه‌كراوه، بۆ سایتی /ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجه‌دید/ باسی له‌وه‌كرد، قائانی له دوێنێوه له به‌غدایه، چاوی به مسته‌فا كازمی نه‌كه‌وتوه، به‌ڵام چه‌ندین سه‌ركرده‌ی حكومی و سه‌ركرده‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی شیعه‌ی بینیوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه پشتڕاستیكردوه‌ته‌وه، سه‌ردانه‌كه‌ی قائانی په‌یوه‌ندی به گه‌ڕی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئه‌مه‌ریكاو عێراقه‌وه هه‌یه كه بڕیاره سبه‌ینێ ده‌ستپێبكات.
ناجیح میزان، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی وتویه‌تی: سه‌ردانه‌كه‌ی قائانی ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئێران له پشت سه‌رجه‌م ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه ده‌كرێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه فشار بخاته سه‌ر واشنتن تا ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاندویه‌تی به‌هۆی دۆسیه ئه‌تۆمیه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵیبگرێت.
له 3ی كانونی دوه‌می 2020، كاتێك قاسمی سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كوژران، هادی عامری، سه‌رۆكی /هاوپه‌یمانی فه‌تح/ له پرسه‌كه‌یاندا به‌ڵێنیدا له په‌رله‌مان كار بۆ پرۆژه بڕیارێك بكات هێزه بێگانه‌كان ناچار بكات به چونه ده‌ره‌وه له عێراق، بۆئه‌و مه‌به‌سته دو رۆژ دواتر به‌بێ ئاماده‌بونی كورد‌و سوننه، كوتله شیعه‌كان بڕیارێكیان له پێنج خاڵدا ده‌ركرد بۆچونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی بێگانه كه مه‌به‌ست لێی ئه‌مه‌ریكا بو.
له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌وه، ئێران به‌رده‌وام داوا له به‌رپرسانی شیعه له‌ناو حكومه‌تی عێراق ده‌كات هێزه‌كانی ئەمەریکا له عێراق بكەنە ده‌ره‌وه.
به‌رپرسانی ئێران بونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به مه‌ترسییه‌كی راسته‌وخۆ ده‌زانن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له عێراقدا، له‌و پێناوه‌شدا به‌رده‌وام له رێگه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه‌خۆیان كه ئه‌مه‌ریكا ناوی /بریكار/ی لێناون و له عێراقیشدا به وه‌لائییه‌كان ناسراون، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ده‌كه‌نه به ئامانج.