دواین هەواڵ

عێراق‌

 02/02/2023

تاران مامەڵە بەو دۆلارانە دەکات کە دەدرێتە عێراق

هەرێم نیوز

ماڵپەرى شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە "واشنتۆن بەڵگەی نهێنى دەستکەوتووە کە ئێران لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەو دۆلارە مامەڵەی کردووە کە عێراق لەم دواییانەدا لە وەزارەتى گەنجینەی ئەمریکاوە وەریگرتووە".

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى دەست ماڵپەڕەکە کەوتوون، ئەمریکیەکان هەست دەکەن کە بەغدا، بێباکانە مامەڵە لە گەڵ هۆشدارییەکانى ئەم دواییانەى ئەمریکا دەکات، سەبارەت بە قاچاخبردنى دۆلارى عێراق بۆ ئێران.

ئەوەشى خستۆتەڕو، حکومەتی عێراق هەوڵیداوە گروپێکی گوشاری ئەوروپی بۆ سەر ئەمریکا دروست بکات بۆ لابردنى ئەو کۆت و بەندانەى  ئەمریکا کە لە فرۆشتنی دۆلاردا خستویەتى سەر عێراق، بەڵام ڕێگە دیپلۆماسیەکانی بەغدا لەم هەوڵانەدا شکستیان هێناوە.

دەشڵێت: محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە سەردانى ئەم دواییەى بۆ پاریس و بەرلین، هەوڵى ئەوەى داوە، لۆبى دروست بکات.

بەپێى زانیارییەکان، حکومەتی عێراق بەراوێژ ئاگادارکراوەتەوە، کە پێویستە سودانى  بەخێرایی گەشت بکات بۆ واشنتۆن، بە سەرۆکایەتی شاندێکی دارایی باڵا، بەمەبەستى دانوستان لەسەر دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکانى ئەمریکا لەسەر فرۆشتنی دۆلار، لە بەرامبەر بەڵێندان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-01-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دەستکەوتنی زانیاریی ورد و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران."

بەپێی راگەیێندراوەکە ئەو سێ تۆمەتبارە پەیوەندییان بە تۆمەتبارێکی دیکەوە هەیە، ئەویش بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتی باجەکانە. کە لەسەر بابەتێکی دیکە دەستبەسەرە و دانپێنانی وەرگیراوە. ئەو چوار کەسە تۆمەتبارکراون بە "سپیکردنەوەی پارە."

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر یەک ملیار و 227 ملیۆن دینار، (556،900 ) هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی زۆری زێڕ و خشڵی تۆمەتبارەکاندا گرتووە. هەروەها دەستیان بەسەر 11 تاپۆی خانووبەرە کە 9یان لە ناوخۆی عێراق و دووەکەی دیکە لە دەرەوەی وڵات بوون، گرتووە.

بە گوێرەی دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی گشتیی باجەکان، دانی بەوەداناوە 3.6 ملیۆن دۆلاری بردووەتە دەرەوەی وڵات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP