هەرێم نیوز
لە درێژەی بنبەستی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ جۆزپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەروروپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، خوازیاری دووبارە گەڕانەوەی تاران بۆ ڕێگای دیپلۆماسی بوون.
بەپێی ئە ڕاپۆرتە، لایەنە ئەوروپییەكان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر تا کۆتاییی هاوینی ٢٠٢٥ هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە دانوستانەکاندا ڕوونەدات، ئەوا کاراکردنی "میکانیزمی ماشە" و گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران لە بەرنامەی کاردا دەبێت.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی بە ئاماژەدان بە وتووێژە هاوبەشەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەورووپایی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: دەستپێکردنی دانوستانەکانمان بە مەرجی ئامادەیی ئەمریکایە بۆ ڕێککەوتنێک کە "دادپەروەرانە و هاوسەنگ و سوودبەخش بێت بۆ هەردوولا".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم گفتوگۆیەدا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی ئەوروپا ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت، دەبێت "بەرپرسیارانە" مامەڵە بکات و دەستبەرداری "سیاسەتە بەسەرچووەکانی هەڕەشە و فشار بێت لەنێویاندا گەڕاندنەوەی سزاکان".
لە ئەگەری گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ئێران زۆر خراپتر دەبێت و باس لەوە دەکرێت ئەم هەنگاوە وەکو فشارێکە بۆ سەر ئێران بۆئەوەی بەزووترین کات بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، ئێرانیش بەدوای وەرگرتنی دڵنیاییە لەوەی هێرش نەکرێتەوە سەری.