دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی پەیوەندیە تەلەفونیەکەی ئەردۆغان و پوتین

هەرێم نیوز
تورکیا و ڕووسیا جەخت لە پاراستنی سەرەوەری خاکی سووریا و سەقامگیری ناوچەکە دەکەنەوە، هاوکات تورکیا ئامادەیی بەردەوامیدان بە میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا نیشاندەدات.

ئەمرۆ هەینی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا قسەی کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەردۆغان جەختی لە گرنگی دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەر وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکە دیاریی کرا، ئیستانبوڵ ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە دۆخی سووریا کرد و ئەردۆغان وتی: گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە پارێزگای سویدا دروست بووە کە ئەمەش هەڕەشە و مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە دروست کردووە.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەسەر گرنگی پێشێلنەکردنی سەروەریی خاکی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کردەوە.

لای خۆیەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی دۆخی ئەم دواییەی سووریا کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی سووریا دەربڕی و جەختیان لە گرنگی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە.

هاوکات هەردوولا، لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی تەواوی پێکهاتەکانی سووریا هاوڕابوون و، جەختیشیان لە ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.

کرێملن، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی پرسی ئۆکرانیا، پوتن سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ ئامادەیی تورکیا بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە نێوەندگیری ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP