هەرێم نیوز
هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت، لەكاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە 22 جار هێرشكراوەتە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و چەکی قورس بەکارهاتوە، بۆیە داوا لە حكومەتی دیمەشق و گروپە چەكدارەكان دەكات هێرشەكان ڕابگرن، بەپێچەوانەوە ئامادەن هەمو ڕێکارێکی پێویست بگرینەبەر.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کاتێکدا کە گەلی سوریا و هەمو لایەنەکان پابەندن بە چارەسەری ئاشتییانە، چاوەڕوانی سەقامگیربونی دۆخەکەن لەسەر تەواوی جوگرافیای سوریا، هێشتا ئەو گروپانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لەژێر چەتری حکومەتی دیمەشق کاردەکەن، بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە چەندین ناوچەدا، لەوانە دێرەزور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
دەقی راگەیەندراوەكە:
لە کاتێکدا گەلی سوریاو هەموو لایەنە پابەندەکان بە چارەسەری ئاشتیانە چاوەڕێی سەقامگیری لە سەرانسەری سوریا دەکەن، هێشتا ئەو گروپانەی سەر بە تورکیا كە لە ژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدا کاردەکەن بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەند ناوچەیەک، لەوانە دێرەزۆر، دێرحافر، بەنداوی تشرین و تەل تەمر. هەروەها ئەم گروپانە لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە شاری حەلەب جموجۆڵی گوماناوی دەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو رێککەوتنەیە کە لە 1ی نیسانی 2024 لەنێوان ئیدارەی دوو گەڕەکەکەو ئیدارەی دیمەشق ئیمزاکراوە.
ئەو گروپانەی باسمانکرد زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو چەکی قورسیان بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە هێرشی زەمینی و هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بۆ هێرشکردنەسەر بنکەی هێزەکانمان لە دێرەزۆر. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 11 هاوڵاتی مەدەنی و زیانێکی بەرچاو بە ناوچەکانی دانیشتووانی مەدەنی.
ئەم هێرشانە پێچەوانەی ڕۆحی ئەو رێکكەوتنەن کە لەنێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانمان ئەنجامدراوە، بەتایبەتی کە جەوهەری ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستێکی تەواو و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەهێزكردنی چانسی چارەسەری سیاسییە.
بەدرێژایی ماوەی رابردوو دانمان بەخۆماندا گرتووەو سەرەڕای هێرشەكان ویستومانە ئارامی بپارێزین، لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە سەقامگیری سوریا پێویستی بە هاوبەشیی راستەقینەو بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی ئەم هێرشانە متمانەی یەکتر دەخاتە مەترسییەوە، لێکتێگەیشتنەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەو عەقڵیەتی جەنگی زیندوو دەکاتەوە، ئەمەش لە سەردەمێکدا کە سوریا زۆر پێویستی بە دیالۆگ هەیەو حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆ دەگرێت.
بەم پێیە ئێمە:
1- داواکارین حکومەتی دیمەشق و گروپەكانی سەربە حكومەت هەروەها گروپەكانی سەر بە تورکیا دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەک رابگرن و پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنەکە بن.
2- داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین چاودێری ئەم پێشێلکاریانە بکەن و کار بۆ دڵنیابوون لە رێزگرتن لە رێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.
3- دەست درێژ بۆ دیالۆگ و هاوکاری درێژ دەكەین بۆ سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەر رێوشوێنێک پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان بیگرینەبەر.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
٩ی ئابی ٢٠٢٥