دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

دایكانی ئاشتی: لە ئامادەوە چووین بۆ كۆبونەوەی لیژنەی چارەسەری كێشەی كورد نەیانهێشت بە كوردی قسەبكەین

هەرێم نیوز

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە شاری ئامەد ڕێک خرا، دایکان رەخنەیان لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە گرت و گوتیان داواکارییەکانیان ڕەتکراونەتەوە.

لە پێنجەمین كۆبوونەوەی "لیژنەی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی" لە پەرلەمانی توركیا، كە بە سەرۆكایەتیی نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو؛ نوێنەرانی دایكانی ئاشتی، دایكانی شەممە و چەندین ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ئامادەبوون و داواكاری و پێشنیازەكانیان خستەڕوو. كۆبوونەوەكە بووە شوێنێك بۆ گێڕانەوەی ئازارە دەیان ساڵییەكان و پێشكەشكردنی داواكاریی ڕوون و ئاشكرا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و بەدیهێنانی دادپەروەری.

ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، بەشدار لە لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، لە لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە شاری ئامەد، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، بۆ هەڵسەنگاندنی کۆبونەوەکانی لیژنەکە.

لە میانی کۆنگرەكەدا، نەزهات تەکی، یەكێ لە بەشداربووەكانی لیژنەکە، نیگەرانی دەربڕی لەوەی رێگری لێکراوە لە پەرلەمان بە زمانی کوردی قسە بکات و رایگەیاند: بە ئومێدێکی زۆرەوە چوینە لای لیژنەك،ە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دامەزراوە، بەڵام پێیان وتین ناتوانین بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد: وتم لە ئامەدەوە هاتووم و کوردم، ویستم بە زمانی دایک قسەبکەم، بەڵام ئەوان وتیان قسەکردن بە زمانی کوردی لە كۆنوسەكاندا تۆمار ناکرێت، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانم بە زمانی خۆم لە پەرلەمان گوزارشت لەخۆم بكەم، ئەگەر چارەسەرێک لە دەرەوەی زمانەكەمەوە بێت، ئەگەر ئینكاری زمانەکەم بكرێت، چارەسەر لە كوێدایە؟

جەختیشكردووە: پەرلەمان دەیتوانی وەرگێڕێک بهێنێت بۆ بە بەڵگەنامەکردنی قسەی دایکان بە كوردی، بەڵام داواکارییەکە رەتکرایەوە.

دایكانی ئاشتی (شەممە) كێن؟
دایكانی شەممە لە 27ـی ئایاری 1995ـەوە هەموو ڕۆژانێكی شەممە بە مەبەستی زانینی چارەنوسی كەسوكاریان كە بە دەستگیركراوی شوێنبزر كراون یان كوژراون، یاخود بوونەتە قوربانی تاوانی بكوژ نادیار لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستانبوڵ كۆدەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP