هەرێم نیوز
موقتەدا سەدر جەخت لەسەر بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاتەوە و کەسانێک تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدەن گومان بخەنە سەر بەردەوامیی بایکۆتەکەیان و ئاماژەی بەوەشدا، خەونێکى بینیوە، لێکدانەوەی وایە محەممەد سادق سەدریی باوکیشی لەگەڵ بڕیاری بایکۆتەکەیدایە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسینێکی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدری باوکی, سەرکۆنەى بوونی جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی دەکەن، بەتایبەت بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەروەها بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئێستا.
سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە باس لەوە دەکات، خەونێکی بینیوە و تیایدا پێشنوێژی بۆ ژمارەیەک نوێژخوێنان کردووە و هەندێکیان رووی قیبلەیان جیاواز بووە، ئەمەش دەشێت ئەو خەونە وا لێکبدرێتەوە باوکی رەزامەندە بە بڕیاری بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنێکدا کە بە وتەی ئەو، "گەندەڵکاران تیایدا بەشدارن".
موقتەدا سەدر دەڵێت: "هەروەها ئەو خەونە ئاماژەیە بۆ جیاوازی لەنێوان شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدر، لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی کە لە نەزانی بێت یان بە مەبەست بێت."
لە 4ـی تەممووزی 2025، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
لەو نووسینەدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، هەندێک هەوڵدەدەن گومان دروست بکەن لەبارەى بەردەوامبوونیان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بە "درۆزن" ناویان دەبات.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بکرێت، رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاریداوە بەشداریی نەکات و هەر ئەندامێکیشی بەربژێر بووبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لە ریزەکانی دووری خستنەوە.