دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا و ژاپۆن، رێککەوتنێکیان بۆ مسۆگەرکردنی دابینکاریی کانزا ستراتیژییەکان واژۆکرد

هەرێم نیوز

لە هەنگاوێکدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، رێککەوتنێکی چوارچێوەییان بۆ مسۆگەرکردنی دابینکاریی کانزا ستراتیژییەکان واژۆکرد.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ ژاپۆن، رێککەوتنەکە ئیمزاکرا و ئامانج لێی بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکاریی ئەو کانزا گرنگانەیە کە لە کەرتی وزەی نوێبووەوە، ئەلیکترۆنیات و ئۆتۆمبێلدا بەکاردەهێنرێن.

ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە چین زیاتر لە %90ی کانزا ستراتیژییەکانی جیهان پرۆسێس دەکات و لەم دواییانەشدا کۆتوبەندی زیاتری خستووەتە سەر هەناردەکردنی ئەو ماددانە، ئەمەش فشارەکانی لەسەر ئەو وڵاتانە زیاد کردووە کە پشتیان پێ دەبەستن.

لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها یەک کانی کانزای ستراتیژیی چالاکی هەیە و لە پێشبڕکێدایە بۆ دابینکردنی ئەو کانزا گرنگانەی کە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، سیستەمی بەرگری و پیشەسازیی پێشکەوتوو پێویستن.

 دۆناڵد ترەمپ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  لە دیدارەکەی لەگەڵ تاکایچی ڕایگەیاند، هەمیشە خۆشەویستییەکی زۆر و ڕێزێکی قووڵم بۆ ژاپۆن هەبووە. "دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەمە پەیوەندییەکی تایبەت دەبێت، ئێمە هاوپەیمانێکی بەرزترین ئاستین''.

تاکایچی، نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە جیهان لەماوەیەکی وا کورتدا دەستیکردووە بە چێژوەرگرتن لە ئاشتییەکی زیاتر.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، ئەمریکا و ژاپۆن هەروەها تاوتوێی دانانی سیستەمێکی کۆگاکردنی تەواوکەریی دوولایەنە دەکەن و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی زنجیرەکانی دابینکاری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP