هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە "پتەوەو و لاواز نییە،" هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی حەماس کرد.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "دەکرێت حەماس یەکسەر لەناوببرێت ئەگەر بە شێوەیەکی باش رەفتار نەکات، ئەوانیش باش ئەوە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بییەوێت، دەتوانێت بە خێرایی حەماس چەک بکات."
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ستایشی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و وتی "پیاوێکی زۆر بەهرەمەندە" و بەڵێنیدا هاوکاری بکات بۆ دەرچوونی لەو دۆسیە یاساییانەی رووبەڕووی بووەتەوە. وتیشی: "کەس وەک من پشتیوانی نەکردووە... پێموانییە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام من پاڵپشتیم کرد."
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە "هەندێک لە رەفتارەکانی نەتانیاهۆی بەدڵ نەبووە" و وتی: "ئێوەش بینیتان من چیم کرد لەبەرامبەر ئەوەدا،" کە ئاماژە بوو بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای دوو ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
رێککەوتنی ئاگربەستەکە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە کاری پێدەکرێت، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکانی لەخۆگرتبوو—کە ئەمەش جێبەجێکرا—لەگەڵ رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.
تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی رادەستکردووەتەوە و هێشتا 8 تەرمی دیکە ماون. سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە رووفاتی عومەر نیوترا، هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە فەرماندەی تانک بووە لە سوپای ئیسرائیل، لەنێو ئەو تەرمانەدا بووە کە دوێنێ رادەستکراونەتەوە.