هەرێم نیوز
گۆڤاری نیوزویک ئاماژە بە وتەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات کە لەبارەی ناکۆکی "زاتی" لەگەڵ ئەمریکادا و نووسیویەتی: "ئەم هەڵوێستە نیشانەی بەردەوامبوونی چەقبەستوویی نێوان تاران و واشنتۆنە، چەقبەستووییەک کە دەرئەنجامی جیهانی هەیە و کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت، ئاسایشی ناوچەکە و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت."
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە دوای توندوتیژییەکانی ئەم دواییە، لەوانە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، گرژییەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکان چەندین جار بێ ئەنجام ماونەتەوە.
بەپێی نووسینەکەی نیوزویک، خامنەیی هەر جۆرە هاوکارییەکی ڕەتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا، کەمکردنەوەی گرژییەکان دوورە و ئەگەری ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەگەر پرۆسەی دیپلۆماسی بوەستێت، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا هەیە."
خامنەیی لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناکۆکییەکەیان لەگەڵ ئەمریکادا "زاتی" یان "سروشتی"یە، نەک تەنها تاکتیکی یان کاتی. واتە، ناکۆکییەکی قووڵە و پەیوەندی بە شێوازی حوکمڕانی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەردوولاوە هەیە، بەتایبەتی لەبارەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و هەبوونی بنکەی سەربازی لە ناوچەکەدا.