دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران: بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی بەرفراوانی دارایی 34 کەس دەرچوو

هەرێم نیوز

دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای خۆراسانی باشوور لە ئێران، ڕادەگەیەنێت، فەرمانی فەرمی بۆ دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی بەرفراوانی دارایی 34 کەس جێبەجێ کراوە، کە بە هاوکارییکردنی لایەنی دەرەکی و زیانگەیاندن بە وڵات تۆمەتبار کراون.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەم ناوەندە دادوەرییە، داراییە گواستراوە و نەگواستراوەکانی ئەو کەسانە، کە چەندین مۆڵکی تۆمارکراو، شوقە، ئۆتۆمبێلی تایبەت، حیسابی بانکی و دارایی دیکەی بەنرخ لەخۆدەگرێت، بە حوکمی دادگا دەستنیشان و زەوت کراون و خراونەتە ژێر دەسەڵاتی دەزگای دادوەرییەوە؛ هاوكات بەرپرسانی دادوەری ڕایانگەیاندووە کە ئەم داراییانە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بەکاردەهێنرێن.

لە هەمان چوارچێوەدا، حەسەن ڕەزایی مەنفەرەد، جێگری دادوەریی سەرۆکی گشتیی دادگای باڵای گوڵستان، ئاماژەی بەوە کردووە، لە سایەی ئەو بارودۆخەی کە بە "شەڕی تێکەڵاو" ناوی دەبەن، دەزگای دادوەری تەنیا بە سزای سزادان سنووردار نابێت، بەڵکو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی دارایی، بەدوای بەرزکردنەوەی تێچووی هاوکارییکردن لەگەڵ لایەنە نەیارە دەرەکییەکاندا دەگەڕێت، و ئەم ڕێکارانەش بە ئامانجی دروستکردنی پەرچەکرداری ڕێگریکەری بەردەوام جێبەجێ دەکرێن.

بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانە داوە کە تۆمەتبارن بە هاوکارییکردنی دەوڵەتانی دەرەکی.

پێشتریش داواکاری گشتیی وڵاتەکە ڕایگەیاندبوو، هەر جۆرە هەماهەنگی یان هاوکارییەک لەگەڵ لایەنی دەرەکی ئەگەر زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت، دەکرێت ببێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی دارایی و دەرکردنی سزای توند.

جگە لەمەش، غولامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە چەندین بۆنەدا داوای خێراکردنی پڕۆسەی دەستنیشانکردن، ڕاگرتن و دەستبەسەرداگرتنی دارایی ئەو کەسانەی کردووە کە تۆمەتبارن بە هاوکارییکردنی لایەنی دەرەکی. 

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، پڕۆسەی زەوتکردنی دارایی لە مانگەکانی ڕابردوودا لە پارێزگا جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا پەرەی سەندووە و سەدان مۆڵک دەستنیشان کراون.

هاوکات وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە کە تائێستا سەدان دۆسیەی دارایی لەم چوارچێوەیەدا پێکهێنراون و بەشێکیشیان بوونەتە هۆی دەرکردنی حوکمی سێدارە لەو دۆسیانەی کە پێوەستن بە سیخوڕی و هاوکارییکردنی دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP