هەرێم نیوز
گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا گەیشتنە بەرزترین ئاست؛ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وەڵامێکی توندی وەزیری ناوخۆی تورکیای دایەوە و ڕایگەیاند، کە خەونەکانی ئەنقەرە بۆ گەڕانەوەی حوکمڕانیی عوسمانییەکان بۆ سەر قودس هەرەس هێناوە و قودس بۆ هەمیشە وەک پایتەختی گەلی جوولەکە دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەر سەکۆی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی توندی ئاڕاستەی مستەفا چەفتەچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو خەون بەوە دەبینێت ببێت بە "پارێزگاری قودس".
کاتز لە نووسینەکەیدا هێرشی کردە سەر هەڕەشەکانی وەزیرە تورکەکە و وتی: "بۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کە خەون بە حوکمڕانیی قودسەوە دەبینێت و هەڕەشە دەکات، دەڵێم؛ قودس قوستەنتینیە (ئەستەمبوڵ) نییە، دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئیمپراتۆریەتێکی خاچپەرستیی لەبەریەک هەڵوەشاوە نییە. ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن هێز و ئیرادەیە و توانای بێپایانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەکدا سەلماندووە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لە پێگەی مێژوویی شارەکە کردەوە و وتی: "قودس بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵە پایتەختی ڕەسەنی گەلی جوولەکەیە و بۆ هەتاهەتایە وەک پایتەختی فەرمیی دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە. سەبارەت بە ئێوە و ئەو ئیمپراتۆریەتە عوسمانییەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینێت، دەبێت بزانن کە ئێوە هەرەستان هێناوە و ئەو سەردەمە هەرگیز ناگەڕێتەوە."
کاتز پەیامەکەی بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ئێستای ئەنقەرە کۆتایی پێهێنا و نووسیویەتی: "جێگەی داخی قووڵە کە ئێوە هیچ شتێک لە میراتە مۆدێرنەکەی کەمال ئەتاتورک فێر نەبوون، کە کاری کرد بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ دەوڵەتێکی پێشکەوتوو؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێستا ئێوە کار دەکەن بۆ کێشکردن و گەڕاندنەوەی تورکیا بەرەو سەردەمێکی تاریک و دواکەوتوو."