هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند که تاران میوانداریی بەرپرسانی باڵای سعوودیە، پاکستان و تورکیا دەکات بە مەبەستی دۆزینەوە و داڕشتنی مکانیک و پەیکەری ئاسایشی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی.
پێکهاتەی کۆبوونەوەکەی تاران
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وەک جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی پێ کرد، بڕیارە ئەمڕۆ تاران میوانداریی بەرپرسانی باڵای تورکیا، پاکستان و سعوودیە بکات؛ کە بریتین لە وەزیری بەرگریی سعوودیە، فەرماندەی سوپای پاکستان و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا."
بەقایی ئاشکراشی کرد: "بیرۆکەی ئەم کۆبوونەوەیە لە سەردانەکەی عاسم مونیر بۆ تاران پێشنیاز کرا، و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ئەرێنی لێکۆڵینەوەی لەم پێشنیازە کرد. زەمینەسازیی پێویستی کارکردن دانراوە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت."
مکانیکی ئاسایشی ناوچەیی بە ئیرادەی وڵاتانی هەرێمەکە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "لە دیدی ئێمەوە، بنەمای هەوڵی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوەی مکانیکی ئاسایشی هەرێمایەتی یان بیرکردنەوە لێی لانی کەم لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان، پێشکەوتنێکی پێشوازیلێکراوە."
بەقایی جەختیشی کردەوە: "ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ بەفەرمیکردن و داڕشتنی پەیکەری ئاسایشی ناوخۆیی کە دەیان ساڵە پێداگریی لەسەر دەکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئاسایشی ئەم هەرێمە تەنیا بە پشت بەستن بە ئیرادە و دیدگای ئەمنیی دەوڵەتانی ناوچەکە خۆیان گەرەنتی دەکرێت.
ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی هەشت مانگی ڕابردوو دەریانخستووە کە ئاسایشی بەردەوام و متمانەپێکراو تەنیا لە ڕێگەی متمانە و هەماهەنگیی نێوان گەلانی ناوچەکە بەدەست دێت."