هەرێم نیوز
⠀
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکردنی لیستێکی بەرفراوانن بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئێران و چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دەستپێبکات.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، مەودای ئۆپەراسیۆنەکان لەو پەلامارانە فراوانتر دەبێت کە پێشتر بە ئامانجی پاراستنی دۆخی ناوچەکە ئەنجام دەدران.
⠀
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو پەلامارانەی پێشتر تەنیا ڕادار و سەکۆی هاویشتنی مووشەک و کەرەستە ئێرانییەکانیان دەکردە ئامانج بۆ ئەوەی بە خێرایی بخرێنەوە کار، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕاگرتبوو.
⠀
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە ئەو لیستە نوێیەی ئامانجەکان لە قۆناغی پەرەپێداندایە و ژێرخانی وزە و بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرێتەوە.
⠀
سەبارەت بە کاتی هێرشەکە بەرپرسانی ئەمریکی پێیانوایە دەرکردنی فەرمان لەلایەن ترەمپەوە بووەتە بابەتێکی کاتی و پێشبینی دەکەن دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس یان لە هەر ساتێکی پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵدا ڕووبدات.
⠀
ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە، کە هێزەکانیان ئامادەن لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا لە دوای وەرگرتنی فەرمانی ترەمپەوە ئۆپەراسیۆن دژی ئێران ئەنجام بدەن.
⠀
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە ئاگادارەکان لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، تاران و حوسییەکان بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری دووبارەبوونەوەی پەلامارە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەکەن و دەستبەجێ وەڵامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەدەنەوە.
⠀
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ڕوونیکردەوە، ئەگەری ئەوەی ئێران و حوسییەکان هێرشی پێشوەختەی بەرفراوان دژی ئەمریکا یان ئیسرائیل ئەنجام بدەن زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر سەرەتا هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا وەڵام دەدەنەوە.
⠀
سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسرائیلیش سەرچاوەیەکی ئەمنی بە سی ئێن ئێنی ڕایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو هەوڵیداوە ترەمپ ڕازی بکات بەر لە هەڵبژاردنەکان هێرشێکی هاوبەش دژی ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندیی پێ نەداوە.
⠀
سەرچاوەیەکی سێیەمی ئاگادار باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ داوایان لە ئیسرائیل کردووە پەلە نەکەن چونکە هەردوو وڵات بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن.
⠀
ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردبوو کە ترەمپ بژاردەی سەربازیی نوێ دژی تاران تاوتوێ دەکات، و هاوکات شاندێکی نێوەندگیریی قەتەریش بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان سەردانی ئێرانیان کردبوو.