دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پاشماوەی سەردەمی چاخی مسین و برۆنز دۆزرانەوە

هەرێم نیوز

 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی پالێرمۆی ئیتاڵی، دۆزینەوەی پێنج چینی نیشتەجێبوونی مێژوویی لە شوێنەواری "گرێ گوومبەس" لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی گواستنەوەی نێوان چاخی مسین و چاخی برۆنزی کۆن دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە بەردەوامیی هەڵکۆڵینە زانستییەکان لە شوێنەواری "گرێ گوومبەس"، بە هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و تیمی زانکۆی پالێرمۆی ئیتاڵی، چەندین ئەنجام و بەڵگەی شوێنەواریی گرنگ ئاشکرا کراون.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شوێنەواری گرێ گوومبەس یەکێکە لە ناوەندە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامە نوێیەکان سەلماندوویانە کە پڕۆسەی ژیان و ئاوەدانی تێیدا لە قۆناغی گواستنەوەی نێوان چاخی مسین (چالکۆلیتیکی نوێ) و چاخی برۆنزی کۆندا بەردەوام بووە، واتە لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین.
 
هەروەها خراوەتەڕوو کە هەڵکۆڵینەکان پێنج چینی نیشتەجێبوونی مرۆیییان دەرخستووە، کە پێکهاتوون لە پاشماوەی دیواری بیناکاری لە خشتی خۆڵ (لبن)، شوێنی تایبەت بە کۆگاکردنی دانەوێڵە، تەنوور، لەگەڵ بەڵگەنامەی بوونی دەسەڵات و سیستەمی بەڕێوەبردن لەو قۆناغەدا کە خۆی لە مۆری فەرمیی تایبەت بە چالاکییە کارگێڕییەکاندا دەبینێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP