Sisyphus سیسیفەس- سیزیف
لەناو ژنی 'دوکتۆر و نووسەر و مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست لە بواری فەلسەفەدا و پێشمەرگەی دێرین دا' گەر هەبێت لە سلەیمانیدا و حوکمی سیزیفی بەسەردا درابێت ؛ بێ دوودڵی ئەوە منم، بە تەنها منم.
من سیزیفەکەی سلەیمانیم بەڵام لە ئەفسانەدا نا، لە ڕیالتی و لە ژیاندا.
ئەزانم بۆم ئەنووسن سیزیف چیە و کێیە؟
سیزیف ئەفسانەیەکی دێرینی یۆنانیە، سیزیف پاشایەکی دێرینی یۆنانە کە ڕێکنەکەوتوە لەگەڵ خواکاندا لەناویاند خوای یۆنانی-زووس و هتد. بەڵام بوون بە ئەفسانەکەی لەبەر ئەمەیانە:
زۆر جار مردن هاتووە بۆ گیانی سیزیف بەڵام بەقسەی ئەویشی نەکردوە و بەهەر جۆرێک بۆی گونجابێت ڕێگای لە مردن گرتوە و نەیهێشتوە بمرێت.
پاش ئەوەی کە زۆر پیر ئەبێت و ئەمرێت لەو دنیای دوای مردن پاش مردنیشی خواکان وازی لێ ناهێنن و حوکمی ئەدەن بەوەی بەردێکی قورس و گران بەسەر کێوێکدا سەربخات و هەرکاتێک نزیک ئەبێتەوە لە لوتکەی کێوەکە خواکان بە فوویەک بەردەکەی لێ تل ئەکەنەوە بۆ خواری خوارەوە، بۆ ئەوەی دیسانەوە بەردە قورسەکە بەو هەورازەدا سەربخاتەوە تەنها بۆ ئەوەی کە دیسانەوە نزیکبۆوە لە لوتکە، بە فوویەکیتر بەردەکە تل بکەنەوە بۆ خوارەوە و ئەمیش دیسانەوە سەریبخاتەوە و دیسانەوە تلی بکەنەوە بۆ خوارەوە، بۆ هەتا هەتایی وایان لێکردوە.
زۆر بەداخەوە بێ یارمەتیدانی مادی و مەعنەوی من ناتوانم هیچ پرۆژەیەکی فەلسەفی دروستبکەم لە سلەیمانی و لە کوردستان دا کە ساڵانی زۆرە مەبەستمە.
ئەبێت ئەو زەمینە نالەبارەی بەرامبەر بە من هەیە لە سلەیمانی و لە کوردستان بگۆڕدرێت، لە زەمینەی حوکمەکەی ئەفسانەی سیزیفەوە بەرامبەر بە من بچێتە سەر ئەو زەمینەیەی کە بۆ ژنانیتر هەیە و بە ڕێژەی لەسەدا سەد یارمەتی و پشتگیریی و دەزگا و سەنتەر بۆ دروستکردنیان و گەرەنتی پشتگیری کردنی مادی و مەعنەویان هەیە لە سلەیمانی.
بە دەیان ساڵ خزمەتی کوردستانم کردوە لە ئەوپەڕی بێ پارەیی و بە بێ موچە و لە ئەوپەڕی خەتەریی و سەختیدا لە ئەوپەڕی نەبوونی تێگەیشتنی یەکسانی جێندەریی و جۆرەکانی نادادپەروەریدا. جگە لەوەی ساڵانی مامۆستایی و خۆ تەرخان کردن بۆ توێژینەوە و نووسین لە فەلسەفەدا زیاتر لە چەند دەیەیەکە.
ئێستا بۆ دروستکردنی دەزگایەکی فەلسەفی مەزنی مێژوویی کە بۆ یەکەم جارەلە لایەن ژنێکەوە دەکرێت، موڵکێکم دەستناکەوێت لە سلەیمانی دا پرۆژەیەکی وا گرنگی لەسەر تۆمار بکەم لە سلەیمانی و تیا بمێنمەوە و ئیشی لەسەر بکەم؟!
هەموو ئەمساڵ ( حەوت-هەشت مانگ لە کاتی ژیانم) ئیشم لەسەر دروستکردنی دەزگایەکی فەلسەفی ئەکرد لە کوردستان دا، بۆ گەیشتنە ئەنجام گەڕامەوە بۆ کوردستان چەندین جار بەو مەبەستە، هەموو مەسرەفی چەندین مانگ مانەوەم لە هۆتێلەکاندا کرد و هاتوچۆی نێوان ئەم شار و ئەو شار، چەندین کۆبوونەم کرد لە گەڵ هەندێک کەسی ژمارە کەمدا لە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە دروستکردنی دامەزراوەدا، زۆر سوپاسیان ئەکەم زۆر بە خەمەوە بوون و زۆریش پرۆژەکەیان لا جوان و گرنگ بوو، هەر دیتنیان زۆر گرنگ بوو بۆ من چونکە بینیم کە خەڵکی باشمان هەن لە کوردستان ئەوەش بۆ من زۆر گرنگە بەردەوام خەڵکی باش ببینم لە کورد دا لە ژن و لەپیاو.
لەو کۆبوونەوانەمدا، هەرچیەکیان ئەزانی وتیان و ڕێنمایی پراکتیکاڵەتی زۆریان کردم، لەوانە: (پرۆفیسۆر دلاوەر عەلادین سەرۆکی ئینستیوتی میری، کاکە فەلاح حەسەن سەرۆکی ڕێکخراوە ناحکومیەکان و ئاسەوارە دێرینەکانی کوردستان، بە تەلەفۆن لەگەڵ کاک دەلیل جەمال لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، خاتوو ئەمەل جەلال وەکیل وەزیری شارەوانی و گەشتیاری و شوێنەوارەکان ، هتد).
پاشان کاتی زیاترم بەخشی و دەستم کرد بە ڕێکخستنی ئیشکردنم لەسەر کام جۆری دامەزراوە گونجاوە بۆ ئەو ئیشە فەلسەفیانەی کە من ئەمویست بیانکەم. دوای ئەمانە، هەموو زانیاریەکانی کردنەوەی دەزگام بەدەستخست و خوێندمنەوە.
ئەو یاسا و ڕێسایانەی لە کوردستان دا هەن سەبارەت بە کردنەوەی دەزگا-م خوێندەوە، داڕشتنی پرۆژەکە و گونجاندنی لەگەڵ کوردستان سەرلەنوێ نوسیومنەوە، هتد. لەو جۆرە پێداچوونەوە و ئامادەکاریانەی کە پێویست بوون.
ئێستا پاش ئەوەی هەموو ئەوەم کردوە و ئامادەم، هەموو ئەو غەدرانەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە کراون بەرامبەرم دیسانەوە وەکو گیسکەکەی هەیاسی خاس هاتنەوە بەردەمم و بوونەوە بە بەربەست و دیوار.
لەبەر ئەوەی لە ڕووی داراییەوە دەبێت ئەم دەزگایە لەسەر پارچە 'زەویەکی بیناکراو' تۆمار بکرێت کە موڵکی من بێت لە کوردستاندا، یان خۆم بەکرێی بگرم کە مەحاڵە لەسەر گیرفانی خۆم بتوانم، هیچ یاریدەیەک نادرێیت هەتا ئەوکاتەی کە بودجەی لە وڵاتانیترەوە بۆ پەیدا ئەکەیت کە لەوانەیە ساڵ و دووساڵ بخایەنێت، خۆشم ناتوانم لە هۆتێلەوە لەناو جانتای سەفەرەوە بەبەردەوامی بژیم و ئیشی لەسەر بکەم. وا ئەمساڵ ئەو حەوت مانگەم کرد لەسەر گیرفانی خۆم، لەوە زیاترم پێ ناکرێت.
(ئەوانەی ملیۆنێر نین لەمە تێ ئەگەن).
نابێت پرۆژەیەک کە لە پێناوی خزمەتی گشتیدا بکرێت، بە بێ یارمەتی مادیی بکرێت، پرۆژەیەک وا بکرێت هەرگیز سەرکەوتوو نابێت، تەنیا من ماندوو ئەکات و مەحکومم ئەکات بە ئەشغال شاقە وەک سیزیف، ژنە سیزیفەکەی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان دا.
د. ساماڵ مانیی