هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند، قبوڵناکەن و پێویستە بە زوویی دەست بە هەناردەی نەوت لەڕێگای بۆڕی جەیهانی تورکیاوە دەست پێبکرێتەوە.
وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دەمێکە وتوومانە، گرنگە کە حکومەتی عێراق، ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە بەزوویی دەست بە بەگەڕخستنەوەی ھێڵی بۆری نێوان عێراق و تورکیا بکەن".
ئاماژەی بەوەش کرد: "بەردەوام هانی ھەموو لایەنەکانمان داوە، تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکەن و دواخستنی زیاتری ئەم بابەتە لە هەولێر و بەغدا قبووڵ ناکەین".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختیشی کردووەتەوە: "داخستنی بۆریی نێوان عێراق- تورکیا، جگە لە خنکاندنی گەشەی ئابووریی عێراق، زیان ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن دەگەینێت، هەروەها برەودانە بە کاریگەریی ئێران ھیچ سوودێکی دیکەی و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن".
ئەو وتەبێژەی باڵیۆزخانەی ڕاشیگەیاند:"بۆرییەکە، ڕێگایەکی بەدیلی گرنگە بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕی جیھانی، کە سوود بە ئابووریی ھەرێمی کوردستانی عێراق و بەکارخستنەوەی بۆرییەکە دەبێتە مایەی سوودگەیاندن بە ئەمەریکا، ھەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکەش".
هاتنەدەنگی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هاوکاتە لەگەڵ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئەمڕۆی شاندێکی حکومەتی هەرێم و بەغدا، سەبارەت بە ڕەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.