پێکهاتەى شیعە لە عێراق، کە زۆرینەى دانیشتووانى وڵات پێکدەهێنن، ڕۆڵێکى سەرەکى و یەکلاکەرەوە لە سیاسەتى عێراقى پاش ساڵى ٢٠٠٣دا دەگێڕێت. ئەم پێکهاتەیە خاوەنى چەندین پارت و هاوپەیمانێتى سیاسییە کە هەرچەندە لە بنەما گشتییەکاندا هاوبەشن، بەڵام زۆرجار لەسەر پرسە گرنگەکان، بەتایبەتى پرسى بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، خاوەنى دیدگا و هەڵوێستى جیاوازن. ئەم ناکۆکی و جیاوازیانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دواکەوتن و نەناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان هەبووە.
پێکهاتەى سیاسیى شیعە لە عێراق
گۆڕەپانى سیاسیى شیعە لە عێراق لە چەند لایەنێکى سەرەکى پێکدێت کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ڕەوتى سەدر: بە سەرۆکایەتیى موقتەدا سەدر، کە خاوەن بنکەیەکى جەماوەریى بەرفراوانە و زیاتر پشت بە سیاسەتى نیشتمانى و دوورکەوتنەوە لە هەژموونى دەرەکى دەبەستێت و لەماوەیەکى زۆرە لە پرۆسەى سیاسیی عێراق کشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستاش دەتوانن شەقامی گشتى عێراق بجوڵێنن لەبەرکەسایەتى موقتەدا و ئەو ژمارە زۆرەى لایەنگرانیی، بەتایبەتى لەبارەى هەڵوێستەکانى لە هەمبەر ئێران کە ئەو پێی وایە نابێت دەستێوەردان لە عێراقدا بکات.
هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا: نوورى مالیکى سەرۆکایەتیى دەکات و بە پێچەوانەى رەوتى سەدرەوە پەیوەندیى نزیکى لەگەڵ ئێران هەیە.
هاوپەیمانیى فەتح: بە سەرۆکایەتیى هادى عامرى، کە باڵى سیاسیى زۆرێک لە گروپەکانى حەشدى شەعبییە و نزیکایەتییەکى تەواوى لەگەڵ ئێران هەیەو لەنێو کایە سیاسییەکاندا بە ئاشکرا هەڵوێستى دژە ئەمریکییان هەیە و پێداگریی دەکەن لە دەرکردنى هێزى هاوپەیمانان لە عێراق.
ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى: بە سەرۆکایەتیى عەممار حەکیم، کە بە لایەنێکى میانڕەوتر ناسراوە و هەوڵى دروستکردنى باڵانس لە نێوان لایەنەکان دەدات و ئەمە لایەنە لە هەرێمى کوردستانیش جموجوڵى لەنێو هەندێک چین و توێژدا هەیە.
ئەم لایەنانە لە نێو گروپێکى گەورەدا بەناوى "چوارچێوەى هەماهەنگى"دا کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەمەش نەیتوانیوە ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بە تەواوەتى چارەسەر بکاتـ ئەم دابەشبوونە وایکردووە کە یەک هەڵوێستى یەکگرتوو لە بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکاندا، وەک بودجەى هەرێم، بوونى نەبێت، وەک دەگوترێت "ماڵی فرە کەیبانوو خواردنەکەیان سوێرە یان بێ خوێیە".
کێشەى بودجە لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى پرسێکى نوێ نییە و چەندین ڕەهەندى هەیە و لایەنە سیاسییە شیعییەکان بەپێى بەرژەوەندیى سیاسیى خۆیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى جیاوازیان لەسەر پرسى بودجە هەیە:
هاوپەیمانیى فەتح: ئەم هاوپەیمانییە بە گشتى هەڵوێستێکى توندیان بەرامبەر هەرێمى کوردستان هەیە. موعین کازمی، پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانییەکەیە، ڕایگەیاندووە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندییەکانى خۆى لە ڕادەستکردنى نەوت و داهاتە نانەوتییەکان جێبەجێ نەکردووە و بەپرسانى بەغدادد تۆمەتبار دەکات بە نەرمی نواندن لەکاتێکدا وەک خۆی دەڵێت هەرێم "دینارێکى" ڕادەستى حکومەتى فیدراڵى نەکردووە. ئەم لایەنە زۆرجار پرسى بودجە وەک کارتێکى فشار بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنى هەرێم بە جێبەجێکردنى داواکارییەکانى بەغدادد.
هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا: نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانییەکە، دان بەوەدا دەنێت کە قەیرانى مووچەى هەرێم لەگەڵ ئامادەکردنى هەموو یاسایەکى بودجەدا "دەتەقێتەوە".هەرچەندە لە ڕابردوودا ئەم لایەنە ڕەخنەى توندى لە ڕێککەوتنەکانى نێوان هەرێم و بەغداد گرتووە و پێى وابووە کە بودجە بەپێى بەرژەوەندیى لایەنە سیاسییەکان دابەشکراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانى ئەم دواییەدا، مالیکى جەختى لەسەر پێویستیى چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕێگەى گفتوگۆوە کردووەتەوە و بەڵێنى هاوکاریکردنى بۆ ناردنى شایستە داراییەکانى هەرێم داوە. ئەم گۆڕانە لە هەڵوێستدا ڕەنگە پەیوەندى بە هاوکێشە سیاسییە نوێیەکانەوە هەبێت.
ڕەوتى سەدر: موقتەدا سەدر، سەرەڕاى کشانەوەى لە پرۆسەى سیاسی، هێشتا کاریگەریى خۆى هەیە. سەدر لە ڕابردوودا داوایکردووە کە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر چارەسەرکردنى کێشە داراییەکان ڕێکبکەون، لەنێویاندا پرسى دەرهێنانى نەوت. ڕەوتى سەدر، بەهۆى لایەنە مێژووییەکەى لەگەڵ کورد و لایەنە سوننییەکان، هەڵوێستێکى نەرمترى بەرامبەر بە هەرێم هەیە و زیاتر لەگەڵ چارەسەرکردنى کێشەکانە لە ڕێگەى دیالۆگەوە.
بە شێوەیەکى گشتى، ناکۆکیى نێوخۆیى لایەنە شیعییەکان وایکردووە کە بەغداد نەتوانێت سیاسەتێکى داراییى جێگیر و درێژخایەنى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەبێت. زۆرجار پرسى بودجە دەبێتە قوربانیى ململانێى سیاسیى نێوان ئەم لایەنانە، کە هەریەکەیان هەوڵدەدات بۆ لاوازکردنى پێگەى ئەوى تر و بەدەستهێنانى دەستکەوتى سیاسی. ئەم دۆخە بووەتە هۆى ئەوەى کە ناردنى بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەردەوام بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە و وەک ئامرازێک بۆ فشارى سیاسى بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەوەى کە یەکلایی بووەتەوە ئەوەیە کە لایەنە شیعییەکان سەر زارەکییانە رێز لە کورد و هەرێمی کوردستان دەگرن، بەڵام کاتێک دێتە سەر ناردنى بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان هەموویان هاوهەڵوێستن و خواستى پست پەردەش ئەوەیە کە چاویان بەو پێشکەوتنانە هەڵنایەت کە لە هەرێمى کوردستان هەیە و بۆ رازیکردنى شەقامی خۆیان لەپێش هەموو هەڵبژاردنێکەوە دژایەتى هەرێمى کوردستان دەکەنە دروشم و کارى لەسەر دەکەن.