ئۆپۆزسیۆن بۆچی متمانەی شەقامی لەدەستداوە؟!
ڕۆژی سێشەممە ٢٠-٨ بڕیار بوو، خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازیی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام وەک بینیمان ژمارەیەکی زۆرکەم ئامادەبوون و دواى کەمتر لە دوو کاتژمێر کۆتاییان پێهێنا، ئەوەى کە زەینى هەمووانى سەرقاڵکردبوو ئەوەبوو بۆچى ئەو ژمارەکەمە؟ بەجۆرێک ژمارەى میدیاکاران لە خۆپیشاندەران زیاتربوو، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى کەناڵەکانى ئۆپۆزسیۆن ئەو هەموو بانگەشەیان بۆکردو ئەنجامێکى ئەوتۆی نەبوو؟ هەر بۆیە پێدەچێت سەیرکردنەوەى دۆخی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ئەو وەڵامەمان بداتێ.
ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی پڕ لە ئاڵنگاری و پەرشووبڵاویدایە. چاودێرانی سیاسی و بەشێک لە هاووڵاتیان پێیان وایە کە ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ببێتە بەدیلێکی ڕاستەقینە بۆ دەسەڵات و متمانەی شەقامی لەدەستداوە.
ئەویش بەهۆی پەرتەوازەیی و لاوازی و نەبوونی پڕۆژە و ستراتیژی ڕوون و لەهەمووی گرنگتر
لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیانە، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەم هێزانە تا ئەمڕۆ کەرەستەی بەدیلیان نیە و نەیانتوانیوە وەک بەدیلی دەسەڵات خۆیان مانیفێست بکەن، پێشتر هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەهۆی یەرژەوەندی تایبەت و نەبونی متمانە بەیەکتری ئەم هەوڵەش وەک زۆربەی هەوڵەکانی تر شکستیهێنا.
ڕۆبیتان کاکەزاڵ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لەهەژماری خۆی نوسیویەتی،
کاتێک ئۆپۆزیسیۆن بون دەبێت بە پیشە ئەو کات بژێوی ژیان و کاراکتەری کەسی رەخنەگر و ئۆپۆزیسێۆن بەتەواوی پابەند دەبێت بە بەردەوامی فەرمانڕەوای ستەمکارەوە.
هەروەها ئەوەش نوسیوە، پەیوەندی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و فەرمانڕوای کوردی پەیوەندی تێز و ئەنتی تێز نییە بەڵکو پەیوەندی یەکتر بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامی پێدەری دۆخەکەیە.
هاوکات عەزیز رەئوف، نوسەرى رەخنەگر و یەکێک لەدەنگەنارازییە توندەکانى سلێمانى لە هەژماری خۆی وێنەیەکی خۆپیشاندانەکەی داناوە و نوسیویەتى: ئەمە بەرهەمی ئۆپۆزسیۆنى ساختەیە، ناڕەزایی و گردبوونەوەشیان بێ بەهاکرد.
زەردەشت حەمەساڵحی رۆژنامەنووسیش بە تەوسەوە نوسیوەیەتى: پشتیوانى داوارەواکانى خۆپیشاندانى کاندیدەکان دەکەین، هیوادارین خەڵک بێهوایان نەکات و بەڵێنى دەرچوونیان پێبدەن، نوسیویشیەتى گردبوونەوە جوان نییە کە بەقەد شەکراوخواردنەوەیەک خەڵکی پێکۆنەبێتەوە.
ئەبووبەکرد هەڵەدنیش، کەخۆی یەکێکە لەفیگەرەکانی ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتاری خولی پێشووتری کوردستانە و دەڵێت: بەم هەموو هێزانەى کوردستانەوە کە وتیان پشتیوانى خۆپیشاندانەکان دەکەین ، هەڵوێست، نەوەى نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتوو و کۆمۆنیست، دووسەد کەسیان نەهێنایە سەرجادە. سۆران سێوکانی، نوسەر و شارەزای ئیسلامی سیاسی دەڵێت : ئەم سلێمانییە حەیابەرەیە، ئەمڕۆ موعارەزەیان ڕسوا کرد، ئەوە خۆپیشاندانى ملیۆنى ئەمڕۆ بوو، ملیۆنەکەى ئەوانیش وەک تومان رسوا بوو.