هەرێم نیوز
ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق رایدەگەیەنێت، داواكانی هەڵوەشاندنەوە یان یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئامانجیان دەرهێنانی خاڵی هێزی بنەڕەتی و گەرەنتی راستەقینەیە لە دەستی دەوڵەتی عێراق، جەختیشیكرد: ئەوانەی ئەو داوایە دەكەن یان بە مەبەست و ئاگاداری پیلانێکن کە عێراق دەکاتە ئامانج، یان نەزان و گەمژەن.
خەزعەلی, ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق لە بۆنەیەكی ئاینیدا رایگەیاند: فشارەدەرەکییەکان دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەندێک لە هەڕەشەكان سەپاندنی سزای ئابوری لەخۆدەگرێت، کە نەوت و داهات و تەنانەت دۆلاری هەناردەکراو لەلایەن ئەمریکاوە دەگرێتەوە.
وتیشی: ئامانجی ئەم فشارانە رێگریکردنە لە دەرکردنی یاسایەکی نوێ کە رەوایەتی حەشد بچەسپێنێت، بوونی چەترێكی یاسایی، بە واتای دانپێدانانی پەرلەمانی عێراقە بە حەشدی شەعبیدا وەک دەزگایەكی فەرمی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر داواكە پێویستی هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵكردنێتی، بە راشکاوی و هێمنی دەڵێم، ئێوە لە خەیاڵدان، ئەمە بۆ ئێوە لە ئەستێرەکانی ئاسمان دووترە، حەشد بۆ عێراقییەکان مەسەلەی بوون و گەرەنتییە بۆ ئاسایش و ژیانیان.