هەرێم نیوز
وتەبێژی فەرمیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە سوریا ڕایدەگەیێنێت، کۆمیسیۆن بڕیاری داوە بە دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پارێزگاکانی ڕەققە و حەسەکە و سوەیدا بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە سوریا بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان (ئەنجومەنی گەل)، لە هەرسێ پارێزگای (سوەیدا- حەسەكە- رەقە)، ئەمە وەكو خۆی دەڵێت " بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییەی كە ئەو سێ پارێزگایە بەخۆیەوە دەبینێت".
نەوار نەجمە وتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەكان بە تەلەڤزیۆنی سوریای رایگەیاند، بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانە لە پەرۆشی لیژنەی هەڵبژاردنەوەیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی ئەو سێ پارێزگایە لە ئەنجومەنی گەل و؛ كورسی تەرخانكراوی ئەو پارێزگایانە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژردنیان تێدا دەكرێت.
"لیژنەی هەڵبژاردن بڕیاریداوە بەدواخستنی هەڵبژاردن لەو سێ پارێزگایە تا ئەوكاتەی دۆخی گونجاو و ژینگەیەكی ئارام دروست دەبێت كە زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكات بەشێوەیەكی سەلامەت" وتەبێژەكە وا دەڵێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا مەرسومێكی دەكردووەو بەپێ ئەو مەرسومە (سیستەمی هەڵبژاردنی كاتیی ئەنجومەنی گەل)ی پەسەندكردووە.
سیستەمەكە قەدەغەی كردووە (پارێزگار، سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو) خۆیان بۆ پەرلەمانی نوێ كاندید بكەن، هاوكات قەدەغەی كردووە "ئەوانەی بانگەشە بۆ دابەشبوونی سوریاو جیابوونەوە" دەكەن خۆیان كاندید بكەن، رەنگە لەمەدا بە پلەی یەكەم كورد بە ئامانج گیرا بێت، ئەوانەشی كە پشتیوانییان لە رژێمی پێشووی ئەسەد كردووە بە هەمان شێوە كاندیدبوونیان قەدەغەكراوە.
بەگوێرەی سیستەمە پەسەندكراوەكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە (210) كەس پێكدێت، دوو لەسەر سێی ئەم كەسانە بەگوێرەی حوكمەكانی مەرسومەكەی ئەحمەد شەرع هەڵدەبژێردرێن و كورسییەكان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت.
هەردوو پارێزگای حەسەکە و ڕەقە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'ن، هاوکات پارێزگای سوەیدا لەم دواییانەدا نائارامیی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی پێکدادانی نێوان دروزەکان و چەکدارانی هۆزەکان و کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە پاڵپشتی دەکرێن.