دواین هەواڵ

لە زێهنیەتى فاشیزمەکانى عێراق گۆڕینى دیموگرافیا و گۆڕینى شوناس و ڕاگواستن بەردەوامە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق نەک بە ئیفلیجى لەدایکبوو و دواتریش چەندین کەس ولایەن حکوومڕانییان کرد کە هیچ تاوانێک و پێشێڵکارییەک نەماوە دژ بە گەلى کورد و مافەرەواکانى لە سەر خاک و نیشتیمانى خۆى لەگەلیدا نەکرێت ، لە نێو زێهنیەتى بۆ ماوەى فاشیزمەکانى عێراقدا شتێک نییە بە ناوى ماف و دەستوور و هاوبەشى و فیدڕاڵیزم ، ئەوەى دەبینرێت و پەیرەوى دەکەن سیاسەتێکى خۆسەپێنەرانە و دیکتاتۆرانەیە کە هەموو سنوورەکانى بەرزاندووە و دەیهەوێت هەموو پرسێک بە ئاگر و ئاسن و گەمارۆدان و خۆسەپێنەرى یەکلایی بکرێتەوە 
ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق لە رابردوو ، هەر کامیان بە شێواز و نەخشەدارێژراو و پیلانگێرى  درێغیان کرد لە پرۆسەى بەدناوى ئەنفال و دواتر ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیموگرافیایی کوردستان لە زۆڕ رووەوە ، بەڵام خۆڕاگرى  وقوربانیدانى گەلەکەمان و بەردەامى خەبات ڕێگەى نەدا خەونى فاشیزمەکانى عێراق بێتەدى .
لەگەڵ ئەوەى لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003  هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەتى گەلى کورد وەک دووەم گەورەنەتەوە  هیوایەکى زۆریان بۆ چارەسەرى کێشەکان بەڕێگەى یاسا و دەستوورى هەمیشەییەوە لە سەر عێراقى نوێ هەڵچنیبووە ، بەڵام دواى ماوەیەکى کورت و هەر کە دەسەڵاتدارانى شیعى ئێستاى عێراق شوێن پێیان بەهێزکرد، پشتیان لە جێبەجێکردنى دەستوور و بەتایبەتى ماددەى 140ى تایبەت بە ئاسایکردنەوەى رەوشى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان گڕت .
لەگەڵ چڕتر بوونەوەى هەوڵەکانى عێراق بۆ سیاسەتى پەراوێزخستنى گەلى کوردو  سووننە و پێکهاتەکانى تر و دواتر شەڕى ناوخۆیی مەزهەبیی وتایفى و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەى سوننە بۆ شوێنەکانى خۆیان و  دواتر سەرهەڵدانى داعش و دروستبوونى حەشد و ئینجا هێرشى ئەو گروپ و میلیشیایانە بۆ ناوچە سوننە نیشنیەکان و دواتر هێرشى بەرفراوانیان بۆ سەر  کەرکووک و شەنگال  وئاوارەبوونى هەزاران کەس ، دەرفەتێکى زۆر بۆ گروپەکانى حەشد خۆش بوو تا ڕێگرى لە گەڕانەوەى کورد و سوننە بۆ ناوچەکەکانیان  بگرن و هەتا لە زۆرێک لەو ناوچەکە داگیرکراو و کێشە لەسەرانە بە زۆر عەرەبى هاوردە لە ناوچەکانى دیکەى عێراق نیشتەجێکراون و ڕێگریش لە جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامە و دەستوور  دەکەن و پابەند نابن و زۆرجاریش ئەو گروپ و تاقمە میلیشیایانە بە زۆرى دەستیان بەسەر موڵک و  ماڵى  کوردەکان گڕتووە و لە ناوچە سووننە نشین و ئەو شوێنانەى کریستیان و کوردانىى ئێزدى هەر لە موسڵ و شەنگاڵەوە بگرە تا دەگاتە جەلەولا و  پردێ و کەرکوک و تازە  ورەبیعە و دەشتى نەینەواو و خانەقین و مەندەڵى سیاسەتى  گۆڕینى دیموگرافیا و دەربەدەرکردن و ڕاگواستن وڕێگرى لە گەڕانەوەى خەڵکى ڕەسەنى ئەو ناوچانە لەلایەن گروپ و میلیشیا تایفى و مەزهەبیییەکان درێژەى هەیە و بەردەوامە .
بەگشتى ئەو دژایەتیکردنەى دەسەڵاتدارانى عێراق لە رابردوو و ئێستاشدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، گەلى کورد ئامادە نییە لە ژێر هیچ گوشارى دەستبەردارى خاک و شوناسى گەل و نیشتیمانەکەى بێت ، هەر ئەوەشە لە دواى ساڵى 2007وە لەگەڵ ئەوەى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان چەندین جار رژدبوونە بۆ ئەوەى عێراق بەڕێگەى دەستوورەوە ڕەوشى ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان  هەر کەرکووکەوە تا شەنگاڵ کە بە ماددەى 140 ناسراوە چارەسەر و ئاسایی بکرێتەوە ، بەڵام تا ئێستا نەک هەر هەنگاوى ڕیشەیی بۆ نەنراوە بەڵکو لە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرىى 2017 ، بە پیلانگێرى نوێ و نەخشە دارێژراو ، هەوڵى گۆڕینى دیموگرافیایی ئەو ناوچانانە  و کارى بەعەرەبکردنى ئەو  جوگرافیایە  بەشێوەیەکى جیاواز دراوە.
ئەو هەوڵانە هەر لەلایەن گروپ و میلیشیاکان بە هەموو ناوە جۆراوجۆرەکانیانەوە هەر لە دەشتى نەینەواوە و تا شەنگاڵ و کەرکووک ، گۆڕینى شوناسى خەڵکى نەتەوە رەسەنەکان بۆ نەتەوە و پێکهاتەیەکى تر ، کە ئامانج لەم پیلانگێرییە ، گۆڕینى دیموگرافیایی ناوچەکە و سڕینەوەى پێکهاتە ڕەسەنەکانە و لەهەمان کاتیشدا هەوڵێکە  بۆ نکۆڵیکردن لەپێکهاتەکانى عێراق ئەوەى لە ناو دەستوورى هەمیشەیی عێراق دانیان پێنراوە و دژى ماددەکانى 140 و 3 و 123ى دەستوورن ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە ئەو گروپ و تاقمە میلیشیایانە ،دەسەڵاتیان لە سەرووى حکوومەتى عێراقە و بە حەز و ویشتى خۆیان یارییەکى مەترسیدار و پیلان دراێژراو دەکەن تا کورد بەڕێگەى هێزى چەکدارى و ترساندن و تۆقاندن  تا بەو جۆرەى کە ئەو گروپە میلشیایانە دەیانەوێت مەرام و ئامانجەکانیان لە گۆڕینى دیموگرافیا و سڕینەوەى شوناسى نەتەوەییان بێنەدى  و لە هەمانکاتیشدا بۆ مەبەستى سیاسى  بەکاریان بێنن ، ئەوەش پێمان دەڵێت کە ئەو گروپە چەکدارانە هەڕەشە و مەترسى لە سەر ئاسایشى عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکى گشتى .
ئەوەتا لەدواى هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ شەنگاڵ ، ئاوارەبوونى هەزاران کەس بۆ شارەکانى کوردستان ، دەسەڵاتدارانى عێراق نەک هەر هیچ هاوکارییەکیان بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەى و ئاساییکردنەوەى دۆخى ئەمنى نەهاویشتووە و ئەو گروپ و چەکداراە میلیشیایی و مەزهەبییانەیان لە دەڤەرەکە دوور نەخستۆتەوە ، بەڵکو بە هەموو توانایەکەوە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینى دیموگرافیایی ئەو ناوچانەیە کە  کوردانى ئێزدى و مەسیحییەکان تێیدا نیشتەجێن ، لەگەڵ ئەوەشدا بوونى  دەیان هەزار ئاوارە لە خێوتگەکانى هەرێمى کوردستان بەهۆى مەترسى بوونى ئەو گروپە میلیشیایانە ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر زێدى باب و پاپیرانیان ، چونکە حکوومەتى عێراق تا ئێستا هەنگاوى رژدى بۆ دوورخستنەوەى ئەو میلیشییانە و گەڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ئەو ناوچە داگیرکراوانە نەهاویشتووە ، ئەوەى ئێستا حکوومەتى عێراق لە بە زۆرە ملێ ناردنەوەى ئاوارەکان خەونى پێوە دەبینێت ، سیاسەتێکى دیکەیە لە چوار چێوەى هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتننامەى شەنگال و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنى ماددەى 140 دەستوور  و ئینجا شێواندنى جوگرافیایی ناوچەکە ، بۆیە هەر جۆرە بە زۆر ناردنەوەى ئاوارەکان پێشێڵکردنى هەموو یاسایی مرۆڤایەتییەکان و ڕێککەوتننامەى نێودەوڵةتییەکانە.
بێدەنگى دەسەڵاتدارانى عێراق بەڕامبەر دیموگرافیا و سیاسەتى  بە عەرەبکردن و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتننامە و دەستوور ئاماژەیەکى مەترسیدار و ڕێگە خۆشکەرە بۆ  نەساقامگیرى و شەڕ و ناکۆکیی زیاتر لە نێوان گەل و پێکهاتەکانى ناوچەکەدا  ، لەهەمانکاتیشدا دەبێت وڵاتانى زڵهێز و نەتەوەیەکگرتووەکان  ئاگادار بکرێنەوە ، بۆ ڕاگرتنى ئەو هەوڵە تێکدەرانەیە و لەهەمان کاتیشدا کار بۆ ئەوە بکرێتە رەوشى ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و ڕێگرى لە پێشێڵکارى ئەو تاقم و میلیشیا چەکدارانە بگیرێت و ئەو ئاوارانەش بە ویستى خۆیان و ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵى خۆیان .
جێبى ئاماژەیە،لەماوەى ساڵانى 2014 و هێرش وپەلامارى تیرۆریستانى داعش بۆ ئەو ناوچانە , زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە پەنابەرى ، روویان لە ناوچە سەقامگیرى و ئارامەکانى هەرێمى کوردستان کرد ووە و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش بەهەموو شێوەیەک خزمەتگوزارى و ژیانێکى ئاسوودەى لە نێو کەمپەکاندا بۆ فەراهەمکردووە ولەگەڵ ئەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق ئامادە نەبوونە بە جیدى هاوکارى ئەو ئاوارانە بکەن و لەکاتێکدا ، گروپ و تاقمە میلیشیاکان لە ناوچەکانى شەنگال و کەرکووک و دەشتى نەینەوا بەردەوامن لە سیاسەتى گۆڕینى دیموگرافیا و شوناس و راگواستن و بەعەرەبکردن و کاتى ئەوە هاتووە ڕێگرى لێبکرێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP